نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كرد

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له خاتوو ڤیكتۆریا نولاند جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه به‌ڕێزان باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له عێراق و کونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریکا له هه‌رێمی کوردستان و ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكاران ئاماده‌ى بوون، په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگیى پاراستنى ئاسایش و سه‌لامه‌تیى نێرده دیپلۆماتییه‌كان و هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له عێراق كرده‌وه. له‌مباره‌یه‌وه هاوڕا بوون كه ده‌بێ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره عێراقییه‌كان ڕێكارى پێویست بگرنه به‌ر بۆ وه‌ستاندنى ئه‌و هێرشانه.
ده‌رباره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیش، هه‌ردوولا ته‌بایى و لێكگه‌یشتنى لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تى پارتى و یه‌كێتییان له هه‌رێمى كوردستان و له‌سه‌ر ئاستى عێراق به پێویست زانى. له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به لێكگه‌یشتن و باشبوونى په‌یوه‌ندییه‌كان كرد.
هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى، دوایین پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له غه‌زه و چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوون.




