قایمقامی پیرمام: دوای سەری ساڵ سێ ناحیەی نوێ کارا دەبن
__2023_12_20_h16m11s31__ER.jpg)
قایمقامی قەزای پیرمام ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی رابردوو فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دروستکردنی سێ ناحیەی نوێ لە سنووری قەزای پیرمام دەرچوو، بڕیارە دوای سەری ساڵ ڕێکارەکانی ھێنانە کایەی ھەرسێ ناحیە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
حامید کاکەیی، قایمقامی پیرمام بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای دەرچوونی بڕیاری ھێنانە کایەی سێ ناحیە بۆ قەزای پیرمام، ھێشتا بڕیارەکە نەگەیشتووتە وەزارەتی ناوخۆ، دوای ئەوەی بڕیارەکە دێتە خوارەوە بۆ وەزارەت و پارێزگای ھەولێر ناحیە نوێیەکان دەستبەکاردەبن، سەرەتا بەرپرسی بنکەی پۆلیسی ئەو شوێنانە بە وەکالەت دەکرێنە بەڕێوەبەری ناحیە دواتر سێ بەڕێوەبەری نوێ دادەنرێن.
قایمقامی قەزای پیرمام گوتیشی: لە ھەردوو ناحیەی بەستۆڕە و کۆڕێ زۆربەی فەرمانگەکانی حکوومەتمان ھەیە بۆ ئەوەی وەک ناحیە بکرێتەوە، تەنیا ناحیەی بناری سەفین پێویستی بە کردنەوەی فەرمانگەی حکوومەتە و گوندەکانی سەربە ناحیەکانی ھیران و پیرمام و کۆیەن، ئەو گوندانە دادەبڕێن و دەخرێنە سەر ناحیەی بناری سەفین.
حامید کاکەیی ڕوونی کردەوە: کردنەوەی ئەو سێ ناحیە نوێیە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین و خزمەتگوزاری زیاتر دەبێت بۆ ھاووڵاتییانی ئەو سنوورانە، چونکە لەڕووی کارگێڕییەوە فەرمانگەی تایبەت بەخۆیان و سنووری خۆیان ھەیە، ناحیەی دارەشکرانیش لە قەزای خەببات دابڕێندراوە و بەھەموو سنوورەکەیەوە دەخرێتە سەر قەزای پیرمام، دوای سەری ساڵ ڕێکارەکانی ئەو چوارناحیەیە دەچنە بواری جێبەجێکردن.
قائید میرۆ




