ئەمساڵ بە گوژمەی زیاتر لە ١٦ ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراون

ھەولێر _KDO.info_ بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: لەمساڵدا ١٣١ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە ١٦ ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان بە دروستکردن و نوژەنکردنەوەوە ئەنجامدراون.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، د.ئاگرین عەبدوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەسەر بودجەی وەبەرھێنان سێ پڕۆژەی بە گوژمەی ٥ملیار و ٣٤١ملیۆن و ٢٥٣ھەزار و ٥٠٠دینار ئەنجامدراوە کە ١٧کم درێژە.
د.ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: لەسەر بودجەی ئاساییش پڕۆژەی مامناوەند و بچووک ١٠١ پڕۆژە بە گوژمەی ٩ملیار و ٢٥٨ملیۆن و ٢٨٥ھەزار و ٥٣٠دینار بە درێژایی ٣١١ کم ئەنجامدراون.
د.ئاگرین باسی لەوەش کرد: لەسەر بودجەی ٣٠%ی وێستگەکانی کێش ٢٧ پڕۆژە بە گوژمەی ٢ملیار و ١٢ملیۆن و ٦٤ھەزار و ٧٥٠دینار بە درێژایی ١٣٤کم ئەنجامدراون.
دەشڵێت: کۆی گشتی پڕۆژەکان ١٣١ پڕۆژە بە گوژمەی ١٦ملیار و ٦١١ملیۆن و ٦٠٣ھەزار و ٧٨٠دینارە کە ٤٦٢کم درێژی پڕۆژە ئەنجامدراوەکانە بەدروستکردن و نوژەنکردنەوەوە.
گوتیشی: پڕۆژەکانیش لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەرین ئەنجامدراون.
بڵند ئیبراھیم




