فراکسیۆنی پارتی: لە دوای پشووی پەرلەمان کاری سەرەکیمان چارەسەرکردنی کێشەی بودجەیە
__2023_12_20_h15m56s17__ER.jpg)
بەغدا _KDP.info_ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەلەمانی عێراق گوتی: دوای تەواو بوونی پشووی پەرلەمان ئەولەویەتی کاری ئێمە چارەسەرکردنی کێشەی بودجەیە بەشێوەیەکی بنەڕەتی، بڕیاریشە حکوومەت بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەیەک پێشکەشی پەرلەمان بکات.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە ٩/١/٢٠٢٤ پشووی پەلەمانی عێراق کۆتایی پێبێت و وەرزێکی نوێی یاسادانان دەستپێبکات، ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆدایە و بڕیارە لەم ڕۆژانە شاندێکی دیکە بچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی کێشەی بودجە و نەفەقاتی فعلی چارەسەر بکرێت، کار لەسەر ئەوە دەکرێت پڕۆژەیەک پێشکەش بکرێت و ئەو کێشەیە یەکلایی بکرێتەوە، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان لۆبی بۆ دروست دەکەین و دەبێتە کاری سەرەکیمان لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان، خوازیارین ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بێت بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان.
مەریوان قەرەنی گوتیشی: دەمانەوێت لەڕێگەی پڕۆژەیەک حکوومەت پێشکەشی پەرلەمانی بکات بۆ ئەوەی گرێدانی بودجە و نەفەقاتی فعلی بەیەکەوە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت و چیتر گرفت بۆ مووچە دروست نەبێت لە ساڵی نوێ و ساڵانی داھاتووشدا، بۆیە لە وەرزی نوێی یاسادانان ئەولەویەتی کاری ئێمە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەبێت و کاری جدی لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان چیتر نەبێتە گرفت و بەیەکجاری چارەسەر بکرێت، ئەوەش بە ھەماھەنگی لە نێوان فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنەکانی دیکە دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




