لە دهۆک کار بۆ نوێکردنەوەی شەش شوێنی شوێنەواری دەکرێت

دھۆک _KDP.info_ بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دھۆک گوتی: کار دەکەین بۆ نوژەنکردنەوەی شەش شوێنی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دھۆک بە گوژمەی ملیۆنێک و ٤٠٠ ھەزار دۆلار، شوێنەکان زۆر گرنگ و مێژووین و بۆ سەردەمی پێش زایین دەگەڕێنەوە و دەبنە شوێنی شوێنەواری و گەشتیاریش.
دکتۆر بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە شەش شوێنی شوێنەواری لە سنووری قەزای ئامێدی نوژەن بکرێنەوە، ئەوانیش قوتابخانەی قوبەھان، گۆڕستانی میرا، مزگەوتی گەورە، گۆڕی پیر حەزان، کوورەی سیریجێ و کەنیسەی کلدانی، بۆ ئەومەبەستەش پلان دانراوە و چاوەڕێ دەکەین کاتەکە گونجاو بێت بۆ ئەوەی دەست بە نوژەنکردنەوەی بکەین ، چونکە مێژووی ئەو شوێنانە بۆ زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە: قوبە و منارە بۆ سەردەمی سوڵتان حوسێن وەلی دەگەڕێتەوە و قوتابخانە بۆ سەدەی ١٣ دەگەڕێتەوە و کوورەی سریجێ و گۆڕی پیر حەزان هی پێش زایینە، ھەر یەکێک بۆ سەردەمێک دەگەڕێتەوە.
دکتۆر بێکەس بریفکانی گوتیشی: ئەو شوێنانە ھەم نوژەن دەکرێنەوە و ھەم دەپارێزرێن و دەبنە شوێنی شوێنەواری گەشتیاریش، سەرەتا ملیۆنێک و ٤٠٠ ھەزار دۆلار بۆ نوژەنکردنەوەیان تەرخان دەکرێت، دەزگای ئەلیف بودجەکە تەرخان دەکات و بە پشتگیری کونسولخانەی فەرەنسا و بە سەرپەرشتی ئێمە نوژەن دەکرێتەوە.
دەشڵێت: لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢ ھەزار و ٢٢١ شوێنی شوێنەواری ھەیە و بەردەوامیش شوێنی تازەی شوێنەواری دەدۆزرێنەوە و کاریان لەسەر دەکرێت، چونکە ئەو شوێنانە ھەم بە شێوەی خۆی نوژەن دەکرێنەوە ھەم دەپارێزرێن.
بڵند ئیبراھیم




