گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: سێ نەخۆشخانە تەواو دەکرێن

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سێ نەخۆشخانەی گشتی کە پێشتر کارکردنیان تێدا ڕاگیرابوو تەواو دەکرێن و دەخرێنە خزمەت ھاووڵاتییان، دەشڵێ: ژمارەیەک وەبەرھێنەر داوای مۆڵەتیان کردووە بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت.
دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سێ نەخۆشخانەی گشتی لە ئامێدی و سۆران و پیران پێشتر کاریان تێدا کرابوو، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی تەواو نەکرابوون، ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە تەواوکردنی ئەو سێ نەخۆشخانەیە، ھەر سێ نەخۆشخانەکەش سەر بە حکوومەتن و نەخۆشخانەی گشتین.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: دوای تەواوبوونیان ھەرسێ نەخۆشخانەکە پێشوازی لە نەخۆش دەکەن و خەڵکی ئەو سنوورانە بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی سوودیان لێ وەردەگرن.
دکتۆر سەرکار سورچی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە ھەرێمی کوردستان ١٣ وەبەرھێنەر پڕۆژەیان پێشکەش کردووە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت، بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان مۆڵەتی دروستکردنی نەخۆشخانە بە وەبەرھێنەران دەدرێت، ھەرکەسێک ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی بگرێتەبەر و مەرجەکانی ھەبن مۆڵەتی دروست کردنی نەخۆشخانەی پێدەدرێت.
قائید میرۆ




