سیروان تۆفیق: لە قۆناغی یەکەم ١٦٥ پۆلیسی گەشتیاری دادەمەزرێ

بەرپرسێکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دامەزراندنی ١٦٥ پۆلیسی گەشتوگوزار تەنیا قۆناغی یەکەمە و قۆناغی دیکەیشی بەدوادادێت، دەشڵێ: پلانمان ھەیە پۆلیسی گەشتیاری بۆ ھەموو بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان دابمەزرێنین.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پلانی دامەزراندنی پۆلیسی گەشتیاری لە ساڵانی ڕابردوودا ھەبوو، بەڵام لەم کابینەیەدا کاری زۆر لەسەرکراوە و دوای ھەوڵێکی زۆری دەستەی گەشتوگوزار حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی ١٦٥ پۆلیسی گەشتوگوزاری دەرکرد و لەڕێگەی پڕکردنەوەی فۆرمەوە ئەو پۆلیسانە دادەمەزرێن، ئەمە قۆناغی یەکەمە و بێگومان بەپێی خواستی ئێمە نییە وەک گەشتوگوزار، بەڵام قۆناغی دیکەیشی بەدوادا دێت.
لەبارەی مەرجی ئەوکەسانەی دەبنە پۆلیسی گەشتوگوزار بەرپرسەکەی گەشتوگوزار دەڵێت: دەرچووانی ئامادەیی و پەیمانگای گەشتوگوزار لە زۆر ھەلی دامەزراندن بێبەشکراون، لەبەر ئەوە دەرچووانی ئامادەیی گەشتیاری و پەیمانگای گەشتوگوزار وەک پۆلیس دادەمەزرێن و ئەولەویەتیش بۆ کوڕوکچی شەھیدانە.
سیروان تۆفیق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ھاوشێوەی کەرتەکانی دیکە گەشتوگوزار بۆ پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکان پۆلیسی گەشتیاری دەبێت، چۆن پۆلیسی نەوت و گاز پۆلیسی شارەوانی و پۆلیسی کارەبا ھەیە و تایبەتن بەو بوارە، پۆلیسی گەشتوگوزاریش ئەرکیان لە شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت و پلانمان ئەوەیە لە داھاتوودا پاراستنی ھەموو شوێنە گەشتیارییەکان لەلایەن پۆلیسی گەشتیارییەوە بەڕێوە ببرێن.
قائید میرۆ




