بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ: سەرەڕای تەعەداکردن لە کادیرانمان پرۆسەی ھەڵبژاردن بەردەوامە

مووسڵ_KDP.info_ بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی: لە مووسڵ حەشدی شەعبی لەچەند شوێنێک تەعەدایان لە کادیرانی ئێمە کردووە و چوار کەسیان دەستگیریش کردبوو، بەڵام دواتر هەوڵماندا و ئازادکران، بۆیە پرۆسەی دەنگدان بەردەوامە و ڕێژەکەش لە دەرەوەی مووسڵ زیاترە لە ناو مووسڵ.
مەناف حەسەن بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە پارێزگای مووسڵ پرۆسەی دەنگدان بەردەوامە و لە ناو مووسڵ ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک ٢٣% بوو و لە دەرەوە لە ناوچە کوردستانییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە٣٠%، بەڵام حەشدی شەعبی تەعەدا لە کادیرانی ئێمە دەکات و لە زۆر شوێن ڕێگری لێیان دەکرد و چوار کادیریشی دەستگیر کردبوو، دواتر توانیمان ئازادیان بکەین.
مەناف حەسەن گوتیشی: پێویستە خەڵکی ئێمە بەشێوەیەکی فراوانتر بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن پێگەی کورد بەھێز بکەن و کۆتایی بە تەعەداکردن لە کورد بێت لە مووسڵ، بۆیە ھیوادارین لەو ماوەیەی ماوە خەڵک بچێت دەنگی خۆی بدات.
بڵند ئیبراھیم




