بەشی ھەڵبژاردنی پارتی: بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی خۆمان باش ئامادە کردووە.

ھەولێر _KDP.info_ بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو بەشی ھەڵبژاردنی پارتی پێمان وایە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێوەچووە، تەنھا ھەندێک کێشەی تەکنیکی ھەبووە، ھیوادارین لە دەنگدانی گشتی چارەسەر بکرێن، چونکە ئەوەی گرنگە دەنگدانی گشتییە و خۆمان باش بۆی ئامادە کردووە و چاوەڕوانی سەرکەوتن دەکەین.
بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، نیازی حەمە عەزیز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەڵبژاردنی دوێنێی تایبەت جیاوازی ھەبوو لەگەڵ ھەڵبژاردنی پێشوو، چونکە ئەمە تەنھا بۆ ھێزی ئەمنی و ئاوارەکان بوو، پێشتر زیندانییان و نەخۆشخانەکانیش بەشداربوون، بۆ ڕەوتی ھەڵبژادنەکانیش کێشە نەبووە و بەھێمنی بەرێوەچووە ھۆکارەکەشی ئەوەیە ھەڵبژاردنی تایبەت زۆر کێشەی لێ دروست نابێت، بۆیە تەنھا کێشەی تەکنیکی ھەبووە و ئامێرەکانی دەنگ تۆمار دەکەن لە ھەندێک بنکە کێشەی ھەبووە ھەندێکی چارەسەرکراوە و بەشێکیشی مابوو.
نیازی حەمە عەزیز گوتیشی: سبەی ململانێی بەھێز دەستپێدەکات لەدەنگدانی گشتی و ئێمە وەکو بەشی ھەڵبژاردن باش خۆمان ئامادە کردووە و پەیوەندی بەھێزمان ھەیە لەگەڵ ئەو شوێنانەی کورد دەنگی لێدەدات، بۆیە ئومێدێکی زۆرمان ھەیە کورد بەگشتی و پارتی بەتایبەت دەنگی باش بەدەست بێنێت و سەرکەوتوو بێت.
دەشڵێت: ئومێد دەکەین و داواشمان کردووە ئەو گرفتانەی لە دەنگدانی تایبەت لەڕووی تەکنیکی ڕوویانداوە لە ھەڵبژاردنی گشتی چارەسەر بکرێن و دووبارە نەبنەوە.
بڵند ئیبراھیم




