ئەمڕۆ چالاکی جۆراوجۆر بۆ رۆژی ئاڵای کوردستان ئەنجام دەدرێن

ههولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ئاڵا لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاواو باکووری کوردستان یادی رۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕادەگیرێت و بەھەزاران ئاڵا دابەش دەکرێن و چەندین چالاکی جۆراوجۆریش ئەنجام دەدرێن.
بەرپرسی دەزگای ئاڵا لە ھەرێمی کوردستان، ئالان شێخ مەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستانه و ٢٤ نووسینگەمان ھەیە لەسەرجەم نووسینگەکان ئاڵای دەست و ئاڵای بەرسینگ بەخۆشحاڵیەوە لەلایەن ئیدارە خۆجەییەکان ئامادەکراون و بڕیارە بەسەر شۆفێران و خەڵکیش دابەش بکرێت و لە ھەموو پارێزگا و قەزا و فەرمانگەکانیش بەچالاکی جۆراوجۆر ئەو یادە دەکرێتەوە، بۆیە ئامادەکاری زۆر باش کراوە و بەشێوەیەکی فراوان یادەکە دەکەینەوە، بەڵام بەھۆی ھەڵبژاردن یادی فەرمیی ناکرێتەوە وەکو ساڵانە".
ئالان شێخ مەم گوتیشی: "بڕیارە جگە لە باشووری کوردستان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش یادی ئاڵا بکرێتەوە، چونکە ئەوە ئاڵای ھەموو کوردێکە، بۆیە ئەمساڵ له ھەموو دامودەزگاکان گرنگی زۆر بە ئاڵا دەدرێت و یادەکە زیندوو دەکرێتەوە".
ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی ١٧ی١٢ وەکو ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکراوە، لەم ڕۆژەدا لە ھەرێمی کوردستان بەگشتی ئەم یادە بەڕێورەسمی تایبەت و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بەرز ڕادەگرن، چونکە یەکەم جار بە فەرمیی لە ١٧ی١٢ی١٩٤٥ ئاڵای کوردستان لە شارەوانی مەھاباد ھەڵکرا و ڕۆژی٢٢ی١٢ی١٩٤٦ کۆماری کوردستان ڕاگەیندرا و ئاڵای کوردستان لەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی کۆمار ھەڵکرا و لە ڕۆژی ١٩ی٦ی٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ٤٨بە کۆی دەنگ ڕۆژی ١٧ی١٢ بەڕۆژی ئاڵای کوردستان دەستنیشانکرد، ھەر بۆیە ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان ئەم یادە لەم ڕۆژەدا بەرز ڕادەگیرێت.
بڵند ئیبراھیم




