پەرلەمانتارێکی پارتی: ھەنگاوی داھاتوومان ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی عێراقە
__2023_12_16_h14m12s43__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنی پارتی داوای ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجە دەکات و دەشڵێ، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەین مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بخرێتە سەر میزانیەی حاکیمە بۆ زامنکردنی مافی فەرمانبەران.
د. نەھلە ئەفەندی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای ھەڵبژاردن و پشووەکان وەک فراکسیۆنی پارتی یەکەم کارمان داوای ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی عێراق دەکەین تا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیعلی جیا بکرێتەوە و ئەو کێشە و ئاستەنگانەی ئێستا دروستکراون بەرامبەر مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم نەمێنێ".
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەین مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بخرێتە سەر میزانیەی حاکیمە و ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مانگانە بەبێ کێشە ماف و شایستەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم زامن بکرێت".
د. نەھلە ئەفەندی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "دووەم خاڵی فراکسیۆنی پارتی نەوت و گازە کە بێتە پەرلەمان و دانوستانی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لەکەرتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان دووبارە کاری تێدا بکرێت و ئەو کێشانەی لەبارەی کەرتی نەوتەوە ھەیە چارەسەربکرێن".
قائید میرۆ




