سبەی یەکەم کاروان لە رێگەی فڕۆکەوە رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت

دھۆک-KDP.info- لە کۆمپانیای (کەی ئێچ) لە سنووری ناحیەی روڤیا، سێوی بەرواری باڵا ئامادە کراوە و سبەی یەکەم کاروانی سێو لە رێگەی فڕۆکەوە بۆ وڵاتانی کەنداو ھەناردە دەکرێت، کە بڕیارە ئەمساڵ بە چەند کاروانێک ١٠٠ تۆن رەوانە بکرێت.
راھێنەری نیشتیمانی بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ لە کۆمپانیای کەی ئێچ، ئەندازیار پشتیوان جەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆمپانیای کەی ئێچ ھەڵساوە بە کڕینی ١٠٠ تۆن سێوی بەرواری باڵا و ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ھەناردەی دوو وڵاتی کەنداو بکرێت، ئەوانیش ئیمارات و قەتەرن، بۆیە ئەو سێوانە بە چەند کاروانێک لە رێگەی فڕۆکەوە ھەناردەی دەرەوە دەکرێن، چونکە کابینەی نۆیەم گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ دەدات، بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمی ناوخۆ لە دەرەوە بدۆزێتەوە، کە دوای ھەناردەی چەندین بەرھەم، ئێستاش بەرھەمی سێو ھەناردە دەکرێت کە ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ کراوە و سێوەکە تێست کراوە و لە ھەموو پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەرچووە، بۆیە خواستێکی زۆری لەسەرە بە ھۆی تام و ئەو کەشوھەوایەی لێی بەرھەم ھاتووە.
جەمال گوتیشی، سێوەکان بە شێوەیەکی زۆر باش پاکێجینگ کراون و بەپێی قەبارە کراونەتە ناو کارتۆن کە ناو و لۆگۆی کوردستانی لەسەرە، ئێستاش پێنج تۆن ئامادەیە و سبەی یەکشەممە ھەناردەیان دەکەین و دواتر بە چەند کاروانێک تەواو دەکرێن، بێگومان ساڵی داھاتووش رێژەکە زیاتر دەکرێت و ئەمساڵ بۆ یەکەم جارە ھەناردە دەکرێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەم سێوە زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو سێوەی لە وڵاتان ھاوردە دەکرێت، چونکە ھەم تامێکی تایبەتی ھەیە و هەم کەمترین دەرمانیشی لێ دراوە، بۆ ئەوەی ماددەی ژەھراوی تێیدا کەم بێت، ھەر ئەمەش وای کردووە خواستی لەسەر زۆر بێت.
بڵند ئیبراھیم




