٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگار بۆ KDP: لەمساڵدا چەندین پڕۆژەمان لە ھەڵەبجە تەواو کردوون

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگای ھەڵەبجە، بەردەوامە لە تەرخانکردنی بوودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی لە ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجەوە بۆیان بەرز دەکرێتەوە.

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "چەندین پڕۆژە لە ساڵی ٢٠٢٣ جێبەجێ کراون یاخود کارکردن تێیاندا بەردەوامە، لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ ڕەزامەندییان وەرگیرابوو  و بوودجەیان بۆ تەرخان کرابوو، لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان ٤١ پڕۆژەمان ھەبوو ١٨یان لە قۆناخی یەکەمدا بوون دوو ملیار و ٧١٦ ملیۆن دینار بوودجەکەیان بوو، ١٦ پڕۆژەیان تەواو بوون، ١٠ پڕۆژەیان لە قۆناخی دووەمدا بوون، کە بوودجەکەیان حەوت ملیار و ٥١٣ ملیار دینار بوو، ٣ پڕۆژەیان تەواو بوون، بڕی شەش ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دیناریش پڕۆژەکانی پێ جێبەجێ کراوە".

کاوە عەلی گوتیشی: "پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بەردەوامن و ١٢ پڕۆژەمان ھەبووە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ جێبەجێ کراون، ھەروەھا بوودجەکەیان ١١ ملیار دینار بووە و تەنھا چوار پڕۆژەیان ماوە، بڕی دوو ملیار و ٥٠ ملیۆن دینار ماوە سەرف بکرێت و کارکردن تێیاندا بەردەوامە".

عەلی ئاماژە بەوەش دەکات: "پڕۆژەی پردی توەقوتمان ھەیە، بوودجەکەی ھەشت ملیار و ٤٥٠ ملیۆن دینارە، بەڵام تاکو ئێستا کارکردن تێیدا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تەندەرینی بۆ کراوە، ھاوکات لە ساڵی ٢٠٢١ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٣٠ ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان تەرخان کردووە، کە ٤١ پڕۆژە بوون".

جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە زیاتر دەڵێت: "پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە بەردەوامن ٤٣ پڕۆژەمان ھەیە، ٢٢ پڕۆژەیان تەواو بوون، ١٣یان کارکردن تێیاندا بەردەوامە و پێنچ پڕۆژەیان کارکردن تێیاندا دەستی پێنەکردووە، ١ دانەیان ھەڵوەشاوەتەوە، پێویستیمان بە تەرخانکردنی ١٠ ملیار دینار ھەیە بۆ تەواوکردنی کۆی پڕۆژەکان".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات، لە پڕۆژەکانی بوودجەی نەوت ٥٢ پڕۆژەمان ھەیە کە بوودجەکەیان ١٢٠ ملیار دینار بووە، لە ساڵی ٢٠١٢ ئەم پڕۆژانە ھەن، تاکو ئێستا ٤٠ ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە، بۆ تەواوکردنی کۆی پڕۆژەکان ٨٠ ملیار دیناری ترمان پێویستە.

ھەروەھا گوتیشی، کۆی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان ٥٦ پڕۆژە بوون، ٢٧ پڕۆژەیان تەواو بوون، لە ماوەی کابینەی نۆ پێویستمان بە ٩٧ ملیار دیناری تر ھەیە بۆ تەواوکردنی کۆی پڕۆژەکانی تر کە وەستاون یان گرێبەستیان بۆ کراوە و کارکردن تێیاندا دەستی پێنەکردووە.

لە پڕۆژەی ئاسایی ١٣ پڕۆژەمان ھەبووە، تاکو ئێستا کارکردن تێیاندا بەردەوامە، ھەروەھا ١٩٨ پڕۆژە و پاکێجمان ھەیە پێویستمان بە ٢٦٠ ملیار دینار ھەیە تاکو تەواو بکرێن، کاوە عەلی وای گوت.

ھاوکات ناوبراو زانیاری زیاتری دا و گوتی: "لە ساڵی ٢٠٢٣ چەندان پڕۆژەمان لە ڕێگاوبان و وەبەرھێنان و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و ھاتوچۆ تەواو کردووە".

جێگری پارێزگار گوتیشی: "پڕۆژەی سایلۆی ھەڵەبجە دەستی پێکردووە، بوودجەکەی ٢٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە، لەسەر بوودجەی وەبەرھێنان جێبەجێ دەکرێت و لە ئێستادا ماوەی دوو ھەفتەیە کارکردن تێیدا دەستی پێکردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ پارێزگای ھەڵەبجە، ١٠ پڕۆژەمان پێشکەش کردووە، بوودجەکەیان شەش ملیار و ٨٥٤ ملیۆن دینارە، بەڵام تاکو ئێستا ڕەزامەندییان بۆ نەگەڕاوەتەوە، پڕۆژەکانی ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ لە ٢٠٢٣ کە پێی دەگوترێت پڕۆژە بەردەوامەکان، ئەوان جێبەجێ کراون".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار