مەسیحییەکان: ئەگەر پارتی سەرکەوت، واتە پێکەوەژیان سەردەکەوێت
__2023_12_14_h18m47s54__HK.jpg)
مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا دەڵێن ئەوانەی پشتیوانمان بوون لە ڕۆژی تەنگانە دەنگیان پێ دەدەین، لە عێراق و هەموو ناوچەکەدا تەنیا پارتی و سەرۆک بارزانی بوون، پشتیوانی مەسیحیی و هەموو پێکهاتەکانی کرد، بۆیەش بە هەموو تواناکانی خۆمانەوە لیستی پارتی دەکەینە یەکەم بۆ ئەوەی پێکەوەژیان و سەقامگیری سەرکەوتووبێت.
ڕەشا ئەلقوشی: بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەک خەڵکی ناحیەی ئەلقوش و دەوروبەری پشتیوانی و پاڵپشتی خۆمان بۆ لیستی سەرۆک بارزانی دەردەبڕین لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، چونکە دەزانین گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە چەندە، بۆیەش دەبێت هەموومان بزانین ئەم هەڵبژاردنە لە مووسڵدا گرنگییەکی گەورەی هەیە، بە تایبەت بۆ پارتی چونکە ئەگەر پارتی سەرکەوت واتە دادپەروەری و پێکەوەژیان سەرکەوت.
گوتیشی: هەتاوەکوو پارتی سەرکەوتووبێت پێکەوەژیان و لێبوردەیی و سەقامگیری سەرکەوتوو دەبێت چونکە هەموومان بینیومانە ئەو نموونەی پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە ئەنجامی سەرکەوتنی پارتی بووە، لە هەر شوێنێک پارتی دەسەڵاتی هەبێت پێکهاتەکان لە دەستێکی ئەمین دان، هیچ کەس ناتوانێت ئەو کەشە دیموکراسییەی تێکبدات.
هاوکات، جۆزێف ئەلیاس کە هاووڵاتییەکی دیکەی مەسیحییە لە دەشتی نەینەوا دەڵێت: هەڵبژاردن ئەزمونێکی دیموکراسییە و دەبێت هەمووان پشکداری تێدا بکەن بۆ ئەوەی حزب و کەسایەتی شیاو هەلبژێرن، ئێمەش کە خەڵکی ئەم ناوچەیەین لیستی سەرۆک بارزانی .. لیستی ژمارە ١٩٧ هەڵدەبژێرین، چونکە پشتیوانی مافی پێکهاتەکان دەکات.
گوتیشی: پارتی مێژوو و ڕابردوویەکی جوان و سەنگینی هەیە لە پشتیوانیکردنی پێکهاتەکان، هەموویان دەزانن ئەگەر پارتی و سەرۆک بارزانی نەبونایە ئێستا دۆخی پێکهاتەکان زۆر خراپ بوو، هەموو پێکهاتەکان خۆیان لە پارتیدا دەبیننەوە، بۆیەش دەبێت هەموو پێکەوە پارتی سەربخەین، هەموو سەرکردەکانی جیهانیش شایەتی ئەوە دەدەن کوردستان لە سایەی سەرۆک بارزانییەوە بووەتە مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئاینی و پێکهاتە نەتەوەییەکان.
کــــاروان باعەدری




