ڕێبوار تاڵەبانی: پێویستە ھاووڵاتییانی کورد بەشداری کارایان ھەبێت لە ھەڵبژاردن
__2023_12_14_h16m18s56__ER.jpg)
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچە کوردستانییەکان داوا دەکات ڕۆژی ١٨ی مانگ ھاووڵاتییان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بەشداری کاران ھەبێت لە ھەڵبژاردن، دەشڵێ: کێشەی نەتەوەییمان ھەیە و کورد خۆی ناھێڵێ سەنگی کەم ببێتەوە لەو سنوورانە.
ڕێبوار تاڵەبانی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێویستە کورد بەشدارییەکی کارای ھەبێت لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک، ھیچ نەبێت بەشداری کورد ئەوە بسەلمێنێ کورد زۆرینەی کەرکووکە، چونکە ڕێژەی ھەر پێکھاتەیەک دیار دەبێت لەو ھەڵبژاردنە.
ئەو بەرپرسەی کورد دەشڵێت: لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی نەتەوەییان ھەیە و جیاوازە لە ھەرێمی کوردستان، کوردانی ئەو ناوچانە خۆیان نایانەوێت ھەیبەت و سەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان کەمبێتەوە.
ڕێبوار تاڵەبانی ئاماژی بۆ ئەوە کرد: بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییەکان جیاوازی ھەیە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق و پێشبینی دەکەم بەشداری ھەموو پێکھاتەکان لە ھەڵبژاردن گەرموگۆڕ بێت و داوا لە کوردانی ناوچە کوردستانییەکان دەکەم بەشداربن لە ھەڵبژاردنی ١٨ی مانگ و دەرفەت بە خەڵکی دیکە نەدەن.
قائید میرۆ




