مەحما خەلیل: داوا لە کوردانی ئێزدی دەکەم ڕۆژی شەممە بکەنە جەژنی سەرکەوتنی پارتی

نوێنەرێکی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ کوردانی ئێزدی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان گرینگترە و دەڵێ: سبەی جەژنی کوردانی ئێزدییە و داوا دەکەم ڕۆژی شەممەش بکەنە جەژنی سەرکەوتنی پارتی و دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی بدەن.
مەحما خەلیل، نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ کوردانی ئێزدی زۆر گرینگترە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چونکە پێویستە کوردانی ئێزدی نوێنەری خۆیان ھەبێت لەو ئەنجوومەنە و دیارکردنی نوێنەرانی ئێزدیش بەوە دەبێت دەنگدەرانی کوردی ئێزدی بەشداری ھەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی بدەن.
پەرلەمانتارەکەی کوردی ئێزدی دەشڵێت: ئەوە یەکەم ھەڵبژاردنی لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ بەڕێوەدەچێت، کاریگەری دەبێت لەسەر ئایندەی پارێزگای نەینەوا، سەرکەوتنی پارتی لە بەرژەوەندی کوردانی ئێزدییە و ئەرکی ھەموو کوردێکی ئێزدییە دەنگ بە لیستی پارتی بدات و لەناو لیستەکەش کاندیدانی ئێزدی.
مەحما خەلیل ڕوونی کردەوە: ڕۆژی شەممە دەنگدانی ئاوارەکان بەڕێوەدەچێت و ١٨ی مانگیش دەنگدانی گشتی، داوا لە کوردانی ئێزدی دەکەم بەشداربن لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و سبەی ڕۆژی ھەینی جەژنی کوردانی ئێزدییە ڕۆژی شەممەش ئاوارەکانی ئێزدی بیکەنە جەژنی سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردن.
قائید میرۆ




