٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی شێخان: بەھێزیی کورد لە مووسڵ مافەکانمان زیاتر مسۆگەر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

شێخان-KDP.info- قایمقامی قەزای شێخان دەڵێت، ئەزموونمان ھەیە کاتێک کورد لە ئیدارەی خۆجێیی مووسڵ بەھێز بووە، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە شێخان جێبەجێ کراون، کە فراکسیۆنی پارتی فاکتەرێکی سەرەکی بووە، بۆیە گرنگە لەم ھەڵبژاردنەشدا کورد زۆرترین کورسی بەدەست بێنێت، بۆ ئەوەی مافەکانی ئێمە مسۆگەر بن.

سەردار شێخ یەحیا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بوونی کورد لە مووسڵ یەکجار گرنگە، بە تایبەت ئەوانەی دڵسۆزن، لەبەر ئەوەی شێخان لە ساڵی ١٩٢٤وە بووەتە قەزا تا ٢٠٠٣ عەقڵیەتێک شێخانی بەڕێوە دەبرد و زیاتر لە ٣٤ گوندی شێخانیان ھەمووی وێران و تەعریب کرد، ئەمانە بوونە ھۆی وێرانبوونی سنووری شێخان، دوای ٢٠٠٣ ئیدارەکردن بە هەمان شێوەی ڕابردوو بەردەوام بوو تاوەکو ٢٠١٨، بەڵام لە دوای گۆڕانکارییەکانی ٢٠١٩ و بەشدارییەکی کارای کورد لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە شێخان جێبەجێ کران.

سەردار شێخ یەحیا گوتیشی، زۆر گرنگە نوێنەری دڵسۆز ئەمجارە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ هەڵبژێرین، بە تایبەت فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ھەمیشە پشتیوانی لە ئەنجامدانی پڕۆژە لە شێخان کردووە، بۆیە دەستخۆشییان لێ دەکەین ئەوانەی وەکو نوێنەری کورد لە ئیدارەی پارێزگای مووسڵن، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتری شێخان بکەین، ئەمجارە کورد زیاتر کورسی بەدەست بێنێت تا بتوانین ببینە کارتی فشار کە مافی ئێمە بە تەواوی وەربگیرێت، لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئێمە ٢٧٠ ھەزار کەسە، ئەوان بە ٤٠ھەزار کەس حیسابی بۆ دەکەن، بۆیە چەند کورد لە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ بەھێز بێت، زیاتر مافی ئێمە دابین دەکرێت لە شێخان، لەبەر ئەوە گرنگە ئەمجارە کورد دەنگێکی باش بەدەست بێنێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار