سەرۆکی زانکۆ: ئهمڕۆ ئاھەنگی دەرچوونی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆی ھەڵەبجەیه

ھەڵەبجە-KDP.info- زانکۆی ھەڵەبجە ئاھەنگی دوو خولی ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ لەگەڵ ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ بەڕێوەدەبات، سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجەش دەڵێت، بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و کەس و کاری قوتابیان ئاھەنگی دەرچوونی ١٣٣٠ قوتابی بەڕێوەدەچێت.
دکتۆر مەھابات کامل، سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئهمڕۆ کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ ئاھەنگی دەرچوونی قوتابیان و خوێندکارانە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ لەگەڵ ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣، واتە دوو خولمان ھەیە، ناوی خولەکەمان ناوە پەرەپێدان و پێکەوەبوون".
ناوبراو باس لەوە دەکات و دەڵێت: "بە دروشمی قوتابی بۆ کۆمەڵگا و زانکۆ بۆ ئاوەدانییە، ئەوەش خەونی قوتابی و خوێندکارە کە ئاھەنگی دەرچوونی ببینێتەوە و کڵاوی دەرچوونی بکاتە سەر، ھەروەھا بەڕێوەبردنی ئاھەنگی دەرچوونی قوتابی و خوێندکار مافی ھەموو قوتابیەکەو لە ھەموو زانکۆکان جێبەجێ دەکرێت".
سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە گوتیشی: "خولی دەرچوونی قوتابیان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢، ١٧ بەشن و خولی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣، ١٩ بەشن، کە تێیدا ئاھەنگی دەرچوونی ١٣٣٠ قوتابی و خوێندکار دەبێت".
دکتۆر مەھابات ئاماژە بەوەش دەکات: "بۆ ساڵی داھاتوو بەشی پەروەردەی تایبەت لە زانکۆی ھەڵەبجە دەکرێتەوەو قوتابی تێیدا وەردەگیرێت".
عەزیز ڕەسووڵ




