٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیاسەتمەدارێکی کورد: ئەرکی ھەموو کوردێکە بە دەنگدان بیسەلمێنن کەرکووک شارێکی کوردستانییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر_KDP.info_  سیاسەتمەدارێکی کورد باس لەوە دەکات بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە تایبەت کەرکووک ئەرکێکی نیشتیمانییە، بۆ ئەوەی بۆ ھەمووان بسەلمێنین کەرکووک شارێکی کوردستانییە و جارێکی دیکە لەڕێگەی سندوقی دەنگدان شکۆ بۆ کەرکووک بگەرێتەوە.

سیاسەتمەداری کورد، دکتۆر ناسح غەفور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ ھەموو کوردێک گرنگە بەتایبەت لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، بۆیە پێویستە ھەموو کوردێک بەدڵ و گیانەوە بەشداری لە ھەڵبژاردن بکات، چونکە کاریگەری خۆی دەبێت ..  دەیسەلمێنن کورد لە کەرکووک زۆرینەیە و ئەو شارە کوردستانییە، ئەمەش کاریگەری دەبێت تا جارێکی دیکە دەسەڵاتی ئیدارەی خۆجێیی بکەوێتەوە دەست کورد، بۆیە گرنگە ھەموو کوردێک بەتێکرا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەرکی ھەمووانە دەنگ بدەن، چونکە ئەوە شارێکی کوردستانییە و پێویستە بە دەنگدان ئەوە دووپات بکرێتەوە.

دکتۆر ناسح غەفور گوتیشی، پێویستە لە کۆی ١٥ کورسی کورد زۆرینەی ڕەھا بەدەست بێنێت بەتایبەتیش لیستی ١٩٧ی پارتی، چونکە چەند کورسی پارتی زیاتر بێت مۆرکی کوردایەتی زیاتر بەو شارەوە دیار دەبێت و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی ھزری وایە  کەرکووک دڵی کوردستانە و ئەوەی لەتواناشدابێت بۆ کەرکووک دەکرێت، چونکە ئیدارە بکەوێتەوە دەست کورد دەتواندرێت جارێکی دیکە شکۆ بۆ کەرکوک بگەڕێتەوە، بۆیە ئەرکی ھەموو کوردێکە لەڕێگەی سندوقی دەنگدان شکۆ بۆ کەرکووک بگەڕێنینەوە و ببینەوە زۆرینە و دەسەڵات بگرینەوە دەست و لەو ڕێگەیەوە خزمەتی ئەوشارە بکرێت کە شاری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردنە. 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار