لیوا عەبدولخالق بۆ KDP: ھەموو ئامادەکارییەک بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی کراوە

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو دەنگدەرانەی لە سنووری ھەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان ھەیە، دەنگ بدەن.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ھەڵبژاردنەکان، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بە ئامادەبوونی سەرجەم بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکان، کە بەشێکی تایبەت بوو بە ھەڵبژاردنی ئاوارەکان و دەنگدانی تایبەت، نزیکەی ٥٨ بنکە ئامادە کراون لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و بۆ دەنگدانی گشتی ئەو شوێنانەی کەوتوونەتە ناوچە کوردستانییەکان، ژمارەیان ٨٤بنکەی دەنگدانە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و ئەو شارانەی پەیوەندییان بە پارێزگاکانی مووسڵ و کەرکووک و دیالە و ئەو ناوچانەوە هەیە.
دەشڵێ، بە ھاوبەشی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس، لە رۆژی دەنگدان هەموو هاووڵاتیان دەپارێزرێن.
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت گوتیشی، ھەموو ھاوڵاتییەک مافی دەنگدانی ھەیە ئازادانە دەتوانێ بچێتە ھەر ناوچەیەک ناوی ھەبێت دەنگ بدات لە ھەرێمی کوردستان، چونکە قەدەغەی ھاتوچۆ نابێت و خەڵک ئازادە بچێت بۆ دەنگدان بێ رێگری، بۆ ئەو مەبەستە دوو ژووری ئۆپەراسیۆن دروست کراون، یەکێک لە ھەولێر لە بەرێوبەرایەتی گشتی پۆلیسە لیوا تارق سەرپەرشتی دەکات و ئەوەی دیکەش لەبەغدایە بەندە وەکو نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لەوێمە، رۆژی ١٦ی مانگ دەنگدانی ئاوارە و تایبەتە و رۆژی ١٨ی مانگ دەنگدانی گشتییە، بۆیە ئامادەکاری تەواو کراوە لەسەر راسپاردەی وەزیری ناوخۆ و تەواوی ئاسانکاری و ھاوکاری دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو ھەڵبژاردنە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت، چونکە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.
بڵند ئیبراھیم




