وەزارەتی تەندروستی له ڕێگهی KDPیهوه دهنگۆیهك رهتدهكاتهوه

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رەتیکردەوە ھیچ کەسێک بەھۆی پەتای وەرزیەوە گیانی لەدەستدابێت و دەشڵێ، رێژەی پەتاکە زیادی کردووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار تەنیا لە سلێمانی رێژەی خەواندنی نەخۆش زیادی کردووە.
د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ساڵانە لەکاتی گۆڕینی وەرز پەتایەک لەناو ھاووڵاتیاندا بڵاو دەبێتەوە، ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو پەتای وەرزی پەیدابووە، بەڵام چەند ڕۆژێکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕێژەی خەواندن و بڵاوبوونەوەی پەتاکە ھەندێک زیادی کردووە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: "بەپێی زانیاریەکانی ھۆبەی نەخۆشیە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستی، پەتاکە چەند ڕۆژێکە توندترە بەراورد بە ڕۆژانی رابردوو، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین كه نیشانەکانی پەتاکە توندبوون سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر".
لەبارەی تۆمارکردنی حاڵەتی مردن، د. سەرکار سورچی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ھیچ حاڵەتێکی مردن بەھۆی پەتای وەرزی تۆمار نەکراوە، دوو حاڵەتی مردن ھەبوونە لە شاری سلێمانی کە ھاووڵاتی بە تەمەن بوونە و لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، ھەردوو ھاووڵاتیەکەش نەخۆشی درێژخایەنیان ھەبووە و بەتەمەندا چوونە، راستە پەتای وەرزیشیان ھەبووە، بەڵام ھۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانیان پەتاکە نەبووە".
قائید میرۆ




