کاندیدی ژمارە ٦ی لیستی پارتی لە دیالە: پارتی دەیەوێت خانەقین بکاتە شوێنی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن

خانەقین_KDP.info _ کاندیدی ژمارە ٦ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گوتی: خەڵکی خانەقین ناخۆشی زۆریان لەسەر دەستی ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتدارن بینیووە، بۆیە دەیانەوێت دەنگ بە پارتی بدەن و جارێکی دیکە خزمەتیان بکرێت و خانەقین ببێتەوە شاری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن.
ئاڵان ئەڵوەند ساڵح، کاندیدی ژمارە ٦ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: چەند لە ھەڵبژاردن نزیکتر دەبینەوە خەڵک بەجۆش و خرۆشترە بۆ پشتگیریکردن لە لیستی پارتی و کاندیدەکانی، چونکە خەڵک لەسەر دەستی ئەوانەی ئێستا زۆر موعاناتیان بینیوە و دەیانەوێت ئەمجارە پارتی دەسەڵات بگرێتە دەست و خزمەتیان بکات، چونکە پارتی بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان دەکات.
ئاڵان ئەڵوەند ساڵح گوتیشی: پارتی جەماوەرێکی زۆری لە خانەقین ھەیە و خەڵکێکیش ئاوارەن و لەدەرەوەی خانەقین دەژین، کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش دەنگ بدەن، چونکە بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاوارەبوون، ئێمەش دەمانەوێت بچینە ئەنجوومەنی پارێزگا و ئاوارەکان بگەڕێنینەوە و مافی ئەو خەڵکەی زەوت کراوە بۆیان بگەڕێتەوە و ببینە داکۆکیکار لە مافی خەڵکی خۆمان و خانەقین بکەینە شاری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن، چونکە لیستی پارتیش ھەموو پێکھاتەکان لەخۆ دەگرێت، لەبەر ئەوەی پارتی بڕوای بە پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن ھەیە.
بڵند ئیبراھیم




