٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاڵەبانی: حكوومەتی عێراق ڕێككەوتنەكان جێبەجێناكه‌ن و پەشیمان دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بێگەر تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ حكوومەتی عێراق چەندان جار گفتوگۆیان بۆ دروستكردنی بەنداوی ستراتیجی لە هەرێمی كوردستان كردووە، زۆرجاریش بووە لەگەڵیان رێككەوتوون، ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە بەنداو دروست بكرێت و ئامادەی ڕێككەوتنین، بەڵام ئەوان نایەنە ژێرباری ڕێككەوتنەكان و جێبەجێیان ناكەن، ئەوەش لە كاتێكدایە عێراق سوودێكی زۆر لە ئاوی بەنداوەكانی هەرێم دەبینێت.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رەنگە لە چەند ساڵی داهاتوو بەهۆی وشكەساڵی كۆچی بەلێشاوی هاووڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەرەو هەرێم ببینین.

لە درێژەی قسەكانیدا وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، ئێمە سێ بەنداوی ستراتیجیمان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەوانیش بریتین لە بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان و دهۆك، بەهەرسێ بەنداوەكە توانای گلدانەوەی ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە ، ٣٠٪ی گلدراوەی ئاوی عێراق لە هەرێمی كوردستاندایە.

لەسەر ئەو سێ بەنداوە كە بە بەنداوی گەورەی هەرێمی كوردستان دەناسرێن، وەزیری كشتوكاڵ گوتی، بەنداوی دووكان توانای گلدانەوەی ٦.٨ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا ملیارێك و ٤١٤ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەنداوی دەبەندیخان توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام ئێستا ملیارێك و ٢٩٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەنداوی دهۆكیش ٥٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە، بەڵام ئێستا ١٩ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش كرد، گۆڕینی ئاراستەی ئاوی ڕووبارەكان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، قەیرانی ئاو و گلدانەوەی ئاوی بۆ بەنداوەكان دروست كردووە. گوتیشی، لە هەرێمی كوردستاندا ١٩ بەنداوی بچووك بوونیان هەیە كە بەنداوی مامناوەندن و توانای گلدانەوەی ئەم بەنداوانە، ٣٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوە.

ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ حكوومەتی عێراق چەندان جار لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ دروستكردنی بەنداوی ستراتیجی لە هەرێم گەشتووینەتە لێكتێگەیشتن، ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە و ڕێكدەكەوین لەسەر ئەوەی بەنداو لە كوردستان دروست بكرێت، بەڵام ئەوان نایەنە ژێرباری ڕێككەوتنەكان و پەشیمان دەبنەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە عێراق سوودێكی زۆر لە ئاوی بەنداوەكانی هەرێم دەبینێت.

دیاردەی بە بیابانبوون بەشێوەیەكی بەرچاو لە عێراقدا تەشەنەی كردووە، ئەوەش وادەكات دانیشتووانی ئەو ناوچانەی مەترسیی راستەوخۆیان دەكەوێتە سەر، بەرەو ناوچەكانی تر كۆچ بكەن، ئەوەش قەیرانی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار