٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئایدن مەعروف: دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بابەتی پێکهاتەکان زۆر گرنگ بوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایگەیاند، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، بۆ چارەسەری کێشەی پێکهاتەکان لەکاتێکی گونجاو بوو و زۆریش گرنگ بوو، گوتیشی: ئەو دەستپێشخەرییە پاڵپشتییەکە بۆ بەهێزکردنی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و ئەدیانەکان لە هەرێمی کوردستان.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە ناحکوومییەکان لەسەر رەوشی پێکهاتەکان و دادگایی فیدراڵی کۆبووینەوە.

گوتیشی: هەموو ده‌زانین سکاڵایەک لە دژی پێکهاتەکان هەیە، ئێمە پێشتریش جەختمان کردووەتەوە کە بابەتی پێکهاتەکان بە یاسا رێکخراوە، هەروەها کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەهەموو کات زیاتر پشتیوانی لە مافی پێکهاتەکان کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد بابەتی سکاڵا لە دژی پێکهاتەکان کارێکی هەڵە بوو، هەروەها کاریگەری خراپ دروست دەکات.

باسی لەوەشکرد: دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، لەکاتێکی گونجاو بوو و زۆریش گرنگ بوو، گوتیشی: ئەو دەستپێشخەرییە پاڵپشتییەکە بۆ بەهێزکردنی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و ئەدیانەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دەستپێشخەری و پاڵپشتییەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە پێکهاتەکان گرنگە بۆ پێکەوەژیان.

وەزیرەکەی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان داوای لە لایەنەسیاسییەکان کرد هەڵوێستییان هەبێت، چونکە هەبوونی پێکهاتەکان لەئێستادا لە ئاستێکی زۆر باشدایە و هەروەها پێکەوەژیانێکی بەهێز لە نێوان نەتەوەکاندا هەیە.

ئایدن مەعروف جەختی کردەوە و گوتی: داوا لە دادگایی فیدراڵی دەکەین ئەو سکاڵایەی تایبەت بە پێکهاتەکان رەت بکاتەوە، لەبەرئەوەی پێکهاتەکان رەوشێکی تایبەتییان هەیە، بۆیە هەر بڕیارێک دژی پێکهاتەکان بێت کاریگەری خراپی دەبێت.

راشیگەیاند، چەند پێشنیازێکمان کردووە، لەوانە پەیڕەوی کردنی سیستەمی یەک بازنەیی لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە دەیانەوێت کورسی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای جوگرافی دابەش بکرێت، ئێمەش رەتی دەکەینەوە، هەروەها لەگەڵ ئەوەداین کار بەیاسایی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان بکرێت چونکە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدارن، بۆیە داوادەکەین بەو یاساییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار