عەلی عەونی: لە بیست ساڵی ڕابردوودا پارتی زۆر خزمەتی خەڵکی نەینەوای کردووە

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی داوای لە دەنگدەرانی پارێزگای نەینەواکرد لیستی ١٩٧ی پارتی سەربخەن بۆ ئەوەی زیاتر ئاوەدانی بگەینن بە ناوچەکانیان، دەشڵێ: لە ٢٠ ساڵی رابردوودا پارتی توانیویەتی خزمەتی زۆر پێشکەش بە خەڵکی نەینەوا بکات.
عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە سیمینارێکدا بۆ دەنگدەرانی سنووری فەیدیە ڕایگەیاند: با بە ھیمەتی گەنجان و دەنگدەرانی سنووری پارێزگای نەینەوا بە پاڵپشتی میللەتی فیداکاری خۆمان ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگ بۆ لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان مسۆگەر بکەین لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بەشێوەیەک لیستی پارتی سەر بخەین خەڵکێک نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی مامەڵە بە موڵک و ماڵ و داھاتووی ئەو ناوچانەوە بکات.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئێمە وەک پارتی توانیومانە ئاوەدانی و پێشڤەچوون بکەین لەو ناوچانە، ھەموو ئەو پێکەوەژیان و ئاوەدانییەی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان دەیگوازینەوە بۆ ناو سەنتەری مووسڵ و ھەموو پارێزگای نەینەوا.
عەلی عەونی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پارێزگای نەینەوا ھەر لە کۆنەوە سەنتەری پێکەوەژیان و برایەتی و یەکتر قبووڵکردن بووە، بە سەرکەوتنی لیستی ١٩٧ی پارتی کار دەکەین بۆ زیاتر گەشەپێدانی پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و سنووری پارێزگای نەینەوا بە گشتی، دەنگ بدەن بە لیستی پارتی بۆ ئەوەی داھاتوو بتوانین زیاتر بەرگریتان لێ بکەین.
قائید میرۆ




