بەرپرسێکی پارتی: پێشبینی دەکەین لە نەینەوا پارتی ٩ تا ١٠ کورسی بەدەست بێنێت

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا پێی وایە، دەنگی پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە زیاد ببێت و ٩ تا ١٠ کورسی پارتی بەدەست بێنێت، دەشڵێ: گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی ئومێدی بە خەڵک بەخشیوە.
مەناف حەسەن، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی بۆ مووسڵ و سنووری پارێزگا نەینەوا کاریگەری لەسەر زیادبوونی دەنگی پارتی دەبێت لەو سنوورانە، چونکە ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بۆ پشتیوانی لە لیستی ١٩٧ی پارتی سەردانی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و گەڕانەوەی پارتی دڵنیایی بە خەڵکی نەینەوا بەخشیوە.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: لە ھەر شوێنێک پارتی ھەبێت سەقامگیری و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی لەوێیە، بۆیە گەڕانەوەی بارەگانی پارتی بووەتە ھۆی گەڕانەوەی ئومێد بۆ دانیشتوانی نەینەوا، چونکە دەزانن گەڕانەوەی پارتی بۆ ناوچەکانیان گەڕانەوەی ئاوەدانییە.
مەناف حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێمە پێشبینی دەکەین لە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەنگی پارتی لە نەینەوا زیاد ببێت، لە کۆی 26 کورسی 9 ھەتا 10 کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەست بێنین.
قائید میرۆ




