٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئارەزوو جەبار: خەڵکی کەرکووک بە دەنگی خۆیان کوردستانیبوونی ئەو شارە دووپات دەکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە ١٢ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: بانگەشەیەکی گەرموگوڕ لە کەرکووک بەڕێوە دەچێت و چەند ڕۆژێکی کەم ماوە کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و ناشەرعی لە کەرکووک بێت و جارێکی دیکە خەڵکی کەرکووک بە دەنگی خۆیان کوردستانیبوونی ئەو شارە دووپات بکەنەوە.

ئارەزوو جەبار، کاندیدی ژمارە ١٢ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بانگەشەی ھەڵبژاردن زۆر گەرموگوڕ بووە و خەریکە نزیک دەبینەوە لە یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی کەرکووک، چونکە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ کورد چارەنووسسازە و داھاتوو کورد یەکلایی دەکاتەوە، بۆیە ھیوادارین کورد بەتێکڕا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کاندیدانی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن و سەرکەوتنی ئەو لیستە ڕابگەینن، بۆ ئەوەی خزمەتی شاری کەرکووک بکرێت بەبێ جیاوازی و جارێکی دیکە پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن بۆ کەرکووک بگەڕێتەوە.
ئارەزوو جەبار گوتیشی: ئێمە دڵنیایین کورد ئەمجارەش دەبێتەوە زۆرینە و جارێکی دیکە کورد لە کەرکووک دەبێتەوە دەسەڵاتدار، چونکە خەڵک زۆر بە گەرمی پێشوازی لە کاندیدانی پارتی دەکەن و شەش ساڵە ئیدارەیەکی ناعەدالەتی و نادادی لە کەرکووک ھەیە و بەزۆر خۆی بەسەر کەرکووکدا سەپاندووە، بۆیە تەمەنی ئەو ئیدارەیە چەند ڕۆژێک ماوە و کۆتایی بە ناعەدالەتی دێت و دەسەڵات بۆ کورد دەگەڕێتەوە، جارێکی دیکە خەڵکی کەرکووک دەیسەلمێنێت کەرکووک کوردستانییە و شاری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردنە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار