٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر محەمەد خورشید: داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکەین بەجۆش وخرۆشەوە بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە ١٠ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکەین بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن و ئیدارەی ناشەرعی بە ئیدارەیەکی شەرعی کوردی بگۆڕن کە لەلایەن تاقمێکەوە کۆنترۆل کراوە.

دکتۆر محەمەد خورشید، کاندیدی ژمارە ١٠ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: چەند نزیک دەبینەوە لە ھەڵبژاردن خەڵکی خۆمان زۆر بە پەرۆشتر دەبن بۆ ئەوەی بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کاندیدانی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن و مژدەی سەرکەوتن بە سەرۆک بارزانی ڕابگەینن، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی کەرکووک زیاتر پشتگیری لە پارتی دەکەن و گەرموگوڕتر دەبن بۆ ئەوەی پارتی سەربکەوێت.

دکتۆر محەمەد خورشید گوتیشی: ئەم ھەڵبژاردنە باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەی لە کەرکووک ھەیە بیگۆڕن کە بووەتە بارێکی قورس بۆ سەر شانی ھاووڵاتییان، ئومێدمان وایە دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن، ئێمەش بەڵێن دەدەین لە ئاست داخوازی خەڵک بین و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵک بین، بۆیە پشت ئەستوورین بە جەماورەی خۆمان لەم ھەڵبژاردنە سەرکەوتوو دەبین و خزمەتی کەرکووک و ھەموو پێکھاتەکان دەکەین لەژێر دروشمی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و ئەو ناحەقی و نادادییە نەمینێت کە لەلایەن شەخسێک و تاقمێک کۆنتڕۆڵکراوە، بۆیە داواکارین لە خەڵکی کەرکووک بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە کاندیدانی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار