٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆبوونەوەیەکى فراوان لەگەڵ جەماوەرى سنوورى لقی 2ـی پارتی و بەرپرسانی یەکەگارگێڕیی و فەرمانگەکان، ئەنجام درا

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.12.11، بە سەرپەرشتى سەربەست لەزگین، بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى هەولێرى پارتى و د.ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسى لقى2، لە هۆڵی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکى فراوان لەگەڵ جەماوەری سنووری لقی2ـی پارتی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان و بەرپرسانى یەکە ئیداری و کارگێڕییەکان و سەرجەم بەڕێوەبەرانى دام و دەزگا و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و ئاسایش و پۆلیسی سنوورەکە، لە بارەى کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، تەئکید لەوەکرایەوە کە خەڵكی سنوورەکە شایستەی ئەوەن باشترین خزمەتگوزاریان لە سەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان پێشکەش بکرێت، بۆ ئەومەبەستەش پلان و بەرنامەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2024 خرایە ڕوو و ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە ناوەندى قەزا و گوند و ناحیەکان بەیەکسانی جەختی لەسەر کرایەوە بەتایبەتى ئەو شوێنانەى کە پێویستیان بە ئاوەڕ لێدانەوەى زیاتر هەیە.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە سیاسەتی کارگێری و ئیداری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و جەخت لە ئەولەویەتی کارەکان کرایەوە کە پاراستن و بەردەوامی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندی و خزمەتکردن و ڕێزگرتنە لە هاوڵاتیان و پێشکەشکردنی ئاسانکارییە لە ڕاییکردنی مامەڵە و کاروبارەکانیان لە دام و دەزگاکانی حکومەت، هەروەها تیشک خرایەسەر کارنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پتر خزمەتکردنى هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان بەگشتیی.

لە کۆتایشدا، پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان و بابەتی مووچە و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی خرایە بەرباس و گفتوگۆ.

هەواڵی پەیوەندیدار