٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان سلێمان روانگەی یەکێتیی ئافرەتانی كوردستان بۆ KDP ده‌خاته‌ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان گوتی، پێش ٧١ ساڵ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دامەزرا، کە بۆ خزمەتکردنی ئافرەت بووە و دەشڵێ: "تێڕوانینی ئێمە لەبارەی مرۆڤدۆستی و یەکسانییە، بۆیە ھەوڵ دەدەین ئافرەت شانبەشانی پیاو لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا رۆڵی خۆی ھەبێت". ئاماژەشی دا: "چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داھاتوودا کۆنگرەی نۆیەم ئەنجام بدەین".

دکتۆرە ڤیان سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەکو یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان روانگەی ئێمە مرۆڤدۆستانەیە و ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان روانگەی یەکسانییە و ئافرەت شانبەشانی پیاو لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا رۆڵی خۆی ھەیە و پێویستە دەرفەتی یەکسانی بۆ پێگەیاندنی ئافرەت ھەبێت و یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانیش ھەوڵ دەدات لە ھەموو ئاستێک و بوارێکدا لەناو کۆمەڵگادا خاوەن قسەی خۆی بێت و ئافرەت تەنھا لە چوارچێوەیەک تەماشای نەکرێت وەکو خێزانێک و بۆ چەند کارێکی تایبەت، ئافرەت یەکەم ئەرکی پیرۆزی دایکایەتییە و یەکەم مامۆستای فێرکاریی ژیانە، بۆیە یەکێتیی ئافرەتان ھەوڵ دەدات لە لایەنی پەروەردە و ھۆشیارییەوە، ئافرەت لە ئاستێکی بەرزدا بێت".

دکتۆرە ڤیان گوتیشی: "یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ھەمیشە ھەوڵ دەدات بۆ پێگەیاندنی ئافرەت و ھۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی ئافرەت لە ناو کۆمەڵگادا، یەکێتیی ئافرەتان بۆ پشتگیری لە ئافرەت دامەزراوە و ھەر کۆنگرەیەک دەکرێت بۆ نوێکردنەوەی رۆحی ئافرەتە، کە ئێستا بەرە و کۆنگرەی نۆیەم دەچین، بۆیە ئێمە رێکخراوێکین بۆ خزمەتی نەک تەنھا ئافرەت، بگرە پیاوانیش، کە ھەردوو رەگەز تەواوکەری یەکترن و پێویستە خزمەتی کۆمەڵگا بکەین بۆ ئەوەی زیاتر پێشی بخەین و بە چاوی رەخنەش تەماشای خۆمان دەکەین و کارەکانی خۆمان ھەڵدەسەنگێنین، رەنگە زۆر جار رەخنەش لە خۆمان بگرین، گرنگ ئەو ستراتیژیەتەی ئێمە کاری لەسەر دەکەین، دروست و لە جێگەی خۆیەتی لەناو کۆمەڵگادا".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "ھەموو ئامادەکارییەکمان بۆ کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کردووە و ئامادەکارییەکان تەواو بوونە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی ١٠ رۆژی داھاتوودا کۆنگرە ئەنجام بدەین".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار