سەفین دزەیی: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسە داراییەکان بەردەوامە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقیش هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین گوتیشی، کوردستان بووەتە بەهەشتێک بۆ پێکەوەژیان.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی باشداریکردنی لە رێورەسمی رۆژی نیشتمانی رۆمانیا لە هەولێر رایگەیاند، بە ناوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم پێشکەشی رۆمانیا دەکەیەن بەبۆنەی رۆژی نیشتیمانیانەوە، ئەو هەماهەنگییانەی کە باڵیۆزی رۆمانیا باسی کرد پەیوەندییەکانی نێوانمانی بەهێزتر کردووە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سوپاسی باڵیۆزی رۆمانیای کرد کە هاوکاری و هاوخەمی خۆیان بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران دەربڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەک نیشاندا.
سەفین دزەیی، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆمانیا دەڵێت: پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ رۆمانیا مێژووییەکی دورودرێژی هەیە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 1970 رۆمانیا پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییانی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی لەو وڵاتە بخوێنن، هەندێکیشیان ئەمشەو لێرە ئامادەن، هەندێکیشیان تەوانیویانە هەماهەنگی باش بکەن بۆ بەرەپێشچوونی کوردستان.
دزەیی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە چاویان لەوەیە پەیوەندییەکانی نێوانیان زیاتر بەرەوپێش بچێت و پەرەبسێنێت لە بواری پەروەردە، بازرگانی و زۆری بواری دیکە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی گوتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سوودانی پەیوەندییکی باشە بەردەوامیش دەبین لە گفتۆگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ناوبراو گوتیشی: "هیوادارم بەغدا بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، چەندین شاندمان ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بەڵگەکان بخەینەروو کە بەغدا داوای کردبوو، لەگەڵ سەرۆکوەزیران بە جیددی لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
سەبارەت بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دزەیی رایگەیاند، ئەو بارودۆخەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە زۆر بە نیگەرانییەوە سەیری دەکەین، بەداخەوە لە ماوەی رابردوو بینیمان هەندێک لە هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی نەناسراوە ئەندجامدرا، هیوادارین بە زووترین کات دۆخەکە هێور بکرێتەوە و ئەو هێرشانەش بوەستێندرێت.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیش، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، ئێمە لە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانمان نیشانداوە، کوردستان بووەتە بەهەشتێک بۆ پێکەوەژیان و بۆ ئەو کەسانەی کە هانایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.




