٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. مەحموود عوسمان: داوا لە کوردانی کەرکووک و نەینەوا دەکەم بەشداربن لە ھەڵبژاردن

سەرچاوە: KDP.info

سیاسەتمەداری کورد د. مەحموود عوسمان داوا لە کوردانی کەرکووک و نەینەوا دەکات بەشداربن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دەنگ بە کورد بدەنەوە بۆ ئەوەی کورد سەرکەوێت، دەشڵێ: کورد چەند کورسی زیاتر بێنێت دەتوانێت دەسەڵاتی بەهێزتر لەو پارێزگایانە.

د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ عێراق گرینگە، ھەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەواش بۆ کورد گرینگن، ھەرچەندە لایەنە کوردیەکان بە یەک لیست بەشدار نەبوونە لەو ھەڵبژاردنە، بەڵام ھەر پێویستە دەنگدەرانی کورد ڕۆژی ھەڵبژاردن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لایەنە کوردیەکان بدەن.

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتی: ئێمە وەکو کورد لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان  لە نەینەوا و کەرکووک کورسی باشمان ھەبوو ھیوادارم کورد ھەمان کورسی بەدەست بێنن، بەتایبەتی لە کەرکووک ئەگەر کورد ڕێژەی بەشداری زۆربێت و ژمارەی کورسیەکان زۆربێت دەتوانن پارێزگارێکی کورد دیار بکەن.
د. مەحموود عوسمان ڕوونی کردەوە: نابێت ئێمە پێش ئەنجامەکان بکەوین و ھەر تەمەنای سەرکەوتنی کورد دەکەین، بەڵام داوا لە دەنگدەرانی کورد دەکەم ڕۆژی ١٨ی مانگ بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ناکۆکی وەلا بنێنن بۆ ئەوەی زۆرترین کورسی بۆ کورد بێت و پرۆسەیەکی گرینگە بۆ کورد.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار