کاندیدی ژمارە ١٢ی پارتی لە دیالە: خەڵک دەزانێت پارتی لە ھەر شوێنێک بێت خزمەت دەکات

خانەقین _KDP.info_ کاندیدی ژمارە ١٢ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە گوتی: خەڵکی خانەقین و دەوروبەری پشتگیرییەکی باش لە لیستی پارتی دەکەن و ئەوانەی بڕیاریشیان دابوون بەشداری ھەڵبژاردن نەکەن ڕازی بوون پشتگیری لە لیستی پارتی بکەن و دەنگ بە کاندیدەکانی بدەن، چونکە دەزانن پارتی لە ھەر شوێنێک بێت خزمەت دەکات.
ئاڤان ئازاد حوسێن کاکەیی، کاندیدی ژمارە ١٢ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە سنووری دیالە و خانەقین پێشوازی خەڵک لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر باشە و لیستی پارتی بەھێزە، ھەر بۆیە زۆر جار دژایەتیمان دەکرێت، بەڵام ئێمە بەردەوامین و ئەوە ئێمە سارد ناکاتەوە، چونکە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی پێکەوەژیان و ھەموو پێکھاتەکانە، بۆ نموونە من خۆم کاکەییم و لەسەر لیستی پارتی خۆم کاندید کردووە، لەبەر ئەوەی پارتی بڕوای تەواوی بە پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان ھەیە، بۆیە ھیوادارم دەنگم پێبدەن بۆ ئەوەی خزمەت بە خەڵکی خۆمان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بکەم.
ئاڤان ئازاد حوسێن کاکەیی گوتیشی: ئێمە تا خولەکی کۆتایی لە بانگەشە بەردەوام دەبین و کاردەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بێنین و بچینە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بۆیە ئەوانەی بڕیاریان دابوو نەچنە ھەڵبژاردن توانیومانە قەناعەتیان پێ بکەین و ڕازی بوون بچنە ھەڵبژاردن و دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی بدەن، خەڵکی خانەقین و دەوروبەری زۆر متمانەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و دەزانن پارتی سەرکەوێت خزمەت دەکات، لەبەر ئەوەی پارتی لە ھەر شوێنێک بێت ئاوەدانی لەو ناوچانە ھەیە، ھەر بۆیە خەڵک پشتگیری لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی دەکات.
بڵند ئیبراھیم




