لیزا کاکەیی: کەرکووکیهكان دەزانن بە بردنەوەی لیستی(١٩٧) شارهكهیان دەکەوێتە دەستێكی ئەمین

کەرکووک-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، باس لە گرنگیی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، سەرکەوتنی پارتی، واتا گەڕانەوەی ئارامی بۆ کەرکووک و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێستا بەرەو ھەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز دەچین، گرنگە وەکو پارتی بتوانین سەرکەوتنێکی گرنگ بکەینە دیاری بۆ سەرۆک و خوێنی ئەو شەھیدانەی لە پێناوی شکۆ و ئاڵا بەر لە دوو مانگ گیانیان کردە قوربانی، ھەروەھا بتوانین پاداشتی خوێنی شەھیدان و ئەنفالکراوەکان بدەینەوە، بە بردنەوە و سەرکەوتن".
لیزا کاکەیی، دەشڵێت: "سەرکەوتنی پارتی و لیستی(١٩٧) و بەدەستھێنانی زۆرینەی کورسییەکان، بە واتای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی زەوی و زاری جووتیاران دێت، ھەروەھا بە واتای تێکشکاندنی ئەقڵیەتی تەعریب و پێکەوەژیانی خەڵکی رەسەنی کەرکووک دێت، ھەمیشە پارتی و مێژووەکەی بەشێکی گەورە بوون لە ئەدەبیاتی کەرکووک، لە سەرەتای دامەزاندنی حکوومەتی عێراقیشەوە لە ساڵی (١٩٢١) تاوەکو ئێستا، ئێمەی خەڵکی کەرکووک ھەمیشە لەناو زوڵم و چەوساندنەوەدا ژیاوین، زیاتر لە نەوەیەکمان تەمەنی بەخشی، ھەمیشە و بەردەوام بەشێک بووین لە مەزڵومیەت".
کاکەیی داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکات و دەڵێت: "خەڵکی کەرکووکی خاوەن شکۆ، دەنگدانی ئێوە بە لیستی (١٩٧)، دەنگدانە بە کێشە سەرەکییەکانی کەرکووک، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەگژداچوونەوەی عەسکەرتاریەت و جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) و چارەسەرکردنی کێشەی مەزڵومیەتی جووتیارانی کورد و تورکمانی رەسەن و بەگژداچوونەوەی تەعریب، بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوەی براوە دەبێت، کەرکووک و کەرکووکییەکانن، نەوەکو دروشمە ڕووتکراوەکان لە ئینتیمابوون بۆ کەرکووک و خاکەکەی، چونکە خەڵکی کەرکووک ھوشیارن و دەزانن بە بردنەوەی کام لیست و ژمارە، کەرکووک دەکەوێتە کام دەستی ئەمین".




