زێباری بۆ KDP: جووڵەی چەکدارانی داعش پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە نییە

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، زانیاریی نوێ لەبارەی جووڵەی چەکدارانی داعش ئاشکرا دەکات و دەڵێ، داعشی بیانی لە عێراق نەماون و زۆرینەی ئەو چەکدارانەی جووڵە دەکەن، داعشی عێراقین.
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "جووڵەی چەکدارانی داعش لە ڕۆژانی رابردوو پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە نییە، داعش لە دەرفەت دەگەڕێ بۆ ئەنجامدانی ھێرشی تیرۆرستی و ھەر کاتێک دەرفەت ھەبێت، لە دەستی نادەن، ھاوکات زۆربەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، داعشی تێدایە".
راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم دەشڵێت: "لە ناوچەکانی مەخموور و کەرکووک و سەڵاحەدین چەکداری داعش ماون، بەڵام قەبارەی گرووپی تیرۆریستیی داعش زۆر نییە و ناتوانن ھێرشی گەورە ئەنجام بدەن".
بابەکر زێباری روونیشی کردەوە: "لە سەرەتای پەیدابوونی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە عێراق زۆربەی چەکدارەکانیان داعشی بیانی بوون، ئێستا پێچەوانەیە، داعشی بیانی نەماون و زۆرینەی چەکدارانی ئێستای داعش خەڵکی عێراقن و داعشی ناوخۆن".
قائید میرۆ




