نازم کەبیر: دوای ھەڵبژاردن بەپێی کورسی ئەنجوومەن، پۆستەکانی نەینەوا دابەش دەکرێن
__2023_12_09_h18m18s31__HK.jpg)
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: شاندێکی باڵای پارتی سەردانی پارێزگاری نوێی نەینەوای کردووە، دوای ھەڵبژاردنیش بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردن پۆستەکانی پارێزگای نەینەوا دابەش دەکرێن.
نازم کەبیر، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوای پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: شاندێکی باڵای پارتی بە مەبەستی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی سەردانی پارێزگاری نوێی نەینەوای کرد، بێگومان دوای پرۆسەی ھەڵبژاردنیش پۆستەکانی پارێزگای نەینەوا دابەش دەکرێن و ئەو پارێزگارەی ئێستا تا دوای ھەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.
بەرپرسەکەی پارتی گوتی: لایەنەکان پێش ھەڵبژاردن یانیش دوای ھەڵبژاردن ڕێککەوتن دەکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی خۆجێیی پارێزگاکان، لە سنووری پارێزگای نەینەواش دوای ھەڵبژاردن کوتلەکانی ناو ئەنجوومەن ڕێککەوتن دەکەن.
نازم کەبیر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەم مانگە دەبێتە پێوەر بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای نەینەوا و پارتیش وەک ھێزێکی سەرەکی لە نەینەوا ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە دابەشکردنی پۆستەکان و دانانی پارێزگاری نوێ بۆ نەینەوا.
قائید میرۆ




