سەعید جردۆ: سەرکەوتنی لیستی ١٩٧ واتە پێشکێشکردنی خزمەتە بۆ ناوچەکانی ئێزدییەکان
__2023_12_09_h18m13s29__HK.jpg)
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، سەعید جردۆ، دەڵێت: ئێزدی وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی ئەم خاکە بە هەزاران ساڵە بەژیاێکی پڕ نەهامەتی و پڕ دەردەسەری لەسەر ئەم خاکە دەژین، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لە سەر خاکی باب و باپیرانی خۆیان ژیانێکی سەرفراز و دوور لە ناکۆکی سەربازی و هەڕەشەی تیرۆری ببەینە سەر، هەر لەبەر ئەوەش پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک کار بۆ ئەوە دەکات شنگال ببێتە پارێزگایەک و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ستراتیژی تێدابێت تاوەکو خەڵکی شەرەفمەندی و وەفاداری شنگال و بتوانێ کار بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی وڵاتی خۆی بکات، سەرۆک بارزانی هەمیشە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ئێزدییەکان بە گشتی و شنگالییەکان بە تایبەتی دووپاتی یەکڕیزی و برایەتی و یەکتر قبووڵکردن و دادپەروەری کردووە لە نێوان ئێزدییان و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان.
سەعید جردۆ، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لیستی ١٩٧ ئامۆژگاری و ڕاسپارەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکاتە بەرنامەی کاری خۆی بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییان، بە شانازییەوە پارتی توانیویەتی هەموو ڕەنگی جیاوازی ئاین و نەتەوەکان لە ژێر سێبەری عەدالەتی بارزان کۆبکاتەوە، ئێزدییەکانیش پێکهاتەیەکی هەرە دیارن لە تابلۆی ڕەنگینی پێکهاتەکانی کوردستان و عیراق دا، لەکاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقیشدا لە ساڵی ٢٠٠٥ دا سەرۆک بارزانی پشتیوانییەکی گەورە و بێ سنووری لە دیارکردنی ناوی ئاینی ئێزدییەکان کردووە و تایبەتمەندی ئێزدییانی وەک ئاینێکی ڕەسەنی کوردستانی و عێراق ناساندووە بۆ ئەوەی پارێزراو بن و ئێزدییەکان ئازادانە ڕێ و ڕسمەکانیان بگێڕن و نەوەکانیشیان لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن دا ئاین و فەلسەفەی تێکستی خۆیان بخوێنن.
وەک جردۆ دەڵیت: پارتی هەمیشە کاردەکات ئێزدیی و هەموو پێکهاتەکانی دیکە مافەکانیان لە چوارچێوەی یاسادا دابین بکرێت، دادپەروەری جڤاکی ڕوکنێکی سەرەکیە لە خەباتی پارتی و ڕێبازی بارزانی، لەم بوارەشدا ئێزدی و هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی لە ئەرک و مافەکانیاندا یەکسان بن بۆ ئەوەی شانازی بە ناسنامەی نیشتمانی خۆیانەوە بکەن ڕۆژێک لە ڕۆژان هەست بە پەرێزخراوی نەکەن.
سەۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش ئاماژەیشیدا: سەرکەوتنی لیستی ١٩٧ واتە پێشکێشکردنی خزمەتە بۆ ناوچەکانی ئێزدییەکان و هەموو پارێزگای مووسڵ.
جردۆ ئەوەیشی بیرهێنایەوە کاتێک سەرۆک بارزانی دەفەرموویێ: یان مللەتێک نییە بە ناوی کورد، یان ڕەسەنترین کورد ئێزدینە، دەڵێت: نەک بۆ حورمەتی کەسێک وای فەرمووە، بەڵکو وەک ڕاستییەکی مێژوویی و بە بەڵگە و پشت بە سەرچاوە دیاری کردووە، چونکە ئێزدییەکان کەلتوور و زمان و دیرۆکی کۆنیان پاراستووە، لە پێناو ئەو تێکۆشانە پیرۆزە ڕووبەڕووی دەیان کۆمەڵکووژی و قڕکردن بوونەتەوە و هەزاران جەنگاوەریان کردوونەتە قوربانی، هەر لە دامەزراندنی پارتییەوە تا ئێستا خۆیان بە پشتیوانی مافی ئێزدیان و هەمو پێکهاتەکانی کوردستان دەزانن.
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، لە کۆتایدا گوتی: ئازادکردنی شنگال لە سەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکان بە دوو قۆناغ و بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، شاهیدن بۆ سۆز و پەیمانەکانی سەرۆک بارزانی کە دەیەویست ئەو تیرۆرستانە سەریان بکەوێتە ژێر قاچی دایک و خوشکانی ئەو ئێزدییانەی ڕفێنراون، پارتی سەربەرزە و دەزانێ ئێزدییەکان دەنگیان دەدەنە لیستی ئارامی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خوێنی شەهیدان و پێکەوەژیان لیستی ١٩٧.
کــــاروان بــــاعەدری




