٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیستی ١٩٧ی پارتی لە کەرکووک: لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبینە پارێزەر بۆ چارەسەری کێشەی زەویوزاری جووتیاران

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک_KDP.info _ سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: ئەرک و کاری سەرەکیمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری جووتیاران دەبێت لە ھەموو ناوچەکان، چونکە خۆمان بە پارێزەری خەڵک دەزانین بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکەین.
حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  بە چوونمان بۆ ئەنجوومەنی پاێزگای کەرکووک یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگا چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵییە لەسەرجەم ناوچەکانی سنووری کەرکووک بۆ ئەوەی خاکی خۆمان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە و کۆتایی بە تەعداکردن لە جووتیاران بێت، بۆیە دەبینە پارێزەری مافی جووتیارانی خۆمان.
حەسەن شێخانی گوتیشی: ھەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی مافی جووتیاران بگەڕێنینەوە و تەعدایان لێ نەکرێت و بەبێ کێشە و ترس زەویەکانی خۆیان بەکار بێنن، بۆیە کێشەی زەویوزار دەبێتە سەرمەشقی کارەکانی ئێمە و ھەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین،  داواکارین خەڵک متمانە بە کاندیدانی پارتی بدەن، لەبەر ئەوەی کێشەی ئێمە لە کەرکووک کێشەی خاک و نەتەوەیە.
شێخانی باسی لەوەش کرد: دوای وەرگرتنەوەی بارەگای لقی سێی پارتیمان لە کەرکووک و گەڕانەوەمان بەھێزەوە بۆ ئەو شارە بڕیارە سەرجەم بارەگاکانی دیکەش لە کەرکووک وەرگرینەوە، تەنھا کێشەی نووژەنکردنەوەیان ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە پێکھێندراون و کاری لەسەر دەکەن و نووژەن دەکرێنەوە، چاوەڕێ دەکرێت دوای ھەڵبژاردن بکرێنەوە، چونکە تیمیش بۆ وەرگرتنەوە و نووژەنکردنەوە پێکھاتوون.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار