دابەشکردنی نەوت بەردەوامە و بەنزینی زیاتر بۆ بەنزینخانەکان دابین دەکرێت

ھەولێر_KDP.info_ بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر ئاشکرایکرد: دابەشکردنی نەوت لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا ٧٠ ملیۆن لیتر دابەشکراوە و حکوومەت بڕیاری داوە بەنزینی زیاترمان بۆ دابین بکرێت و لەمەودوا لە بەنزینخانەی زیاتر بەنزین دابەش دەکرێت.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دابەشکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری ھەولێر تەواو بووە و ئێستا لەسەنتەری شار نەوت دابەش دەکرێت و ڕێژەیەکی زۆر باش دابەشکراوە، تا ئێستا ٧٠ ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە و بەردەوامیش دەبن تا ھەموو ماڵێک لە سنووری پارێزگای ھەولێر نەوتی خۆی وەردەگرێت.
ئاری کاکەشین گوتیشی: لەسەرەتای ئەم مانگەوە ھاتنی بەنزین لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، ئەوە بەنزینەی ئێستا لە بەنزینخانەکان دابەش دەکرێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابین دەکات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ئەوەی بەغدا نەینێرێت قەربووی بکاتەوە و بەشێکی دیکە بەنزین زیاد بکات، لە سبەیەوە چوار تەنکەری دیکەی بەنزین زیاد دەکرێت و دابەش دەکرێت.
کاکەشین باسی لەوەش کرد: ئێستا ڕۆژانە ١١ تەنکەر بەنزین دابەش دەکەین، بڕیارە بیکەینە ١٥ تەنکەر، بەمەش بە پێی ئەو خشتەیەی دیار دەکرێت ڕێژەیەکی زیاتر بەنزین لە بەنزینخانەکان دابەش دەکرێت و ھاووڵاتییان دەتوانن لێی سودمەندبن.
بڵند ئیبراھیم




