کاندیدی ژمارە ٣ی پارتی لە کەرکووک: پارتی وەکو شورایەکی پۆڵاینە بۆ خەڵک
__2023_12_07_h15m40s57__ER.jpg)
کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە ٣ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت زۆرینەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەست بێنێت و پارێزگارێکی کورد دابنێت و دۆخی کەرکووک بۆ دۆخی جاران بگەرێتەوە و کۆتایی بە بەسەربازگەکردنی کەرکووک بێت و ئەمنیەتی شار بدرێتەوە دەست پۆلیس.
عەدنان کاکەیی، کاندیدی ژمارە ٣ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بەردەوامە و خەڵک زۆر باش پێشوازی لە کاندیدانی پارتی دەکەن و پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە ٧٠ ساڵە خەباتێکی پاک و بێگەردی کردووە لەپێناو کورد و کوردستان، بەتایبەت شاری کەرکووک، ھاووڵاتییان دڵنیان ھەرکاتێک پارتی ھەبێت کوردیش بوونی ھەیە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی متمانەی زۆرینەی خەڵک بەدەست بێنێت، بە گەڕانەوەشی کاریگەری زۆری ھەبوو و دڵنیان کە پارتی پاڵپشتیەکی بەھێزە بۆ خەڵکی کەرکووک.
عەدنان کاکەیی گوتیشی: پارتی لە ھەر کوێ بێت جێگەی شانازی کوردە و شوورەیەکی پۆڵاینە بۆ خەڵکی خۆمان، بۆیە دەمانەوێت لەڕێگەی ھەڵبژاردن زۆرینەی کورسییەکان بەدەستبێنین بۆ گۆڕینی ئەو دیموگرافیایەی بەسەر شارەکەوە ھاتووە، چونکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر گۆڕانکاری زۆر کراوە و غەدرێکی زۆر لە کورد کراوە و زۆرینەی پۆستەکان لە کورد وەرگیراونەتەوە و شارەکە بۆتە سەربازگە، دەمانەوێت ئەو واقعە بگۆڕین و لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پارێزگارێکی کورد دانێین و دۆخی شار بۆ دۆخی خۆی بگەڕێتەوە و ئەمنیەتی شاریش بدرێتەوە دەست ھێزی پۆلیس.
بڵند ئیبراھیم




