شیفا بارزانی سەردانی هەموو ئەو وڵاتانە دەکات کە کوردی تێدا دەژین

ئەورووپاـKDP.infoـ سەرۆک بارزانی، لە بارەگای بارزانی، شیفا بارزانی ڕاسپاردووە بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کە بە هەڵبژاردن نوێنەری خۆیان لە ئەورووپا و ئەمەریکا و کەنەدا و وڵاتانی تر هەڵبژێرن.
قارەمان عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرپەرشتیکاری ڕەوەندی کوردستانی، ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئێمە دەمانەوێت نەتەوەسازی بکەین و نامانەوێت جیاوازی بکەین لە نێوان مەزهەب و دین و تایەفە جیاوازەکاندا، کە لە کوردستاندا دەژین".
بەرپرسی نووسینگەی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی، دەشڵێت: “ئەگەر پرسیار بکرێت تا ئێستا چی کراوە، لە دوای دەستبەکاربوونی شیفا بارزانی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ـەوە، بەرنامەیەکمان دانا بۆ شێوازی کارکردن، بەرنامەکەش دابەشی سەر سێ ئاست کرا، ئاستێکی کورت و مامناوەند و دوورمەودا".
گوتیشی: "شیفا بارزانی سەردانی هەموو ئەو وڵاتانە دەکات کە کوردی تێدا دەژین، ئەم بابەتەش، بابەتێکی حزبی نییە، لەبەر ئەوەشە لە بارەگای بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، چونکە ئامانجی ئێمە هەر چوار پارچەی کوردستانە و پەیوەندیشی بە حکوومەتی کوردستان یان بە حزبێکەوە نییە، چونکە بەرنامەی ئێمە زۆر لە باشوور گەورەترە، بۆ خەڵک و هەر چوار پارچەی کوردستانە".
فایزە کۆیی




