بەرپرسی لقی ٢٠ بۆ KDP: بانگەشە گەرمتر دەکەین و سەرکەوتن لەپێشمانە

شێخان-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە شێخان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سنووری شێخان بە ھۆی نزیکبوونەوە لە ھەڵبژاردن چڕتر بووتەوە و لە رۆژانی داھاتووشدا پارتی بە کەرنەڤاڵی سەرکەوتن دەچێتە نێو ھەڵبژاردن.
ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "تا نزیک دەبینەوە لە ھەڵبژاردن بانگەشەی ھەڵبژاردن چڕتر دەبێتەوە و ئێمەیش وەک حزبێکی سەرەکی لە کوردستان و عێراق رۆژانە بانگەشە گەرمتر دەکەین، لە سنووری ئێمە ھیچ پێشێلکارییەک ئەنجام نەدراوە و بانگەشەیەکی ھێمنانە بەڕێوە دەچێت".
بەرپرسی لقی ٢٠ی شێخان گوتیشی: "کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بە ئامادەبوونی پێکھاتەی کورد و عەرەب و کوردی ئێزدی لە خەتارێ بەڕێوە چوو و بەرنامەی ئێمە ئەوەیە بۆ رۆژانی داھاتوو دوو کەرنەڤاڵی دیکەی جەماوەری بۆ دەنگدەرانی پارتی لە سەنتەری قەزای شێخان و ناحیەی کەلەکچی بەڕێوە ببەین، ھەردوو کەرنەڤاڵەکەش، کەرنەڤاڵی سەرکەوتنن لە ھەڵبژاردن".
ساڵح حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پارتی بەپێی ئەو پلانەی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئامادەی کردووە، بە سەرکەوتوویی بەرەو کۆتایی بانگەشە دەچێت و سەرکەوتن لەپێشمانە، لیستی ١٩٧ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەبێتە جێی ئومێد بۆ جەماوەری سنووری نەینەوا".
قائید میرۆ




