شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی سەردانی لقی سێی کەرکووکی پارتیان کرد

کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بارەگای لقی سێی کەرکووکی پارتیان کرد، ئامانج لە سەردانەکەش جەختکردنەوە بوو لە پشتگیریی بەردەوامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ کار و چالاکییەکانی لقی سێی و ئامادەیی ھەموو پشتیوانییەکیشیان بۆ سەرکەوتنیان لە ھەڵبژاردنەکاندا دەربڕی.
لە چوارچێوەی کارەکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەنوێنەرایەتیی لیژنەی باڵای سەرپەرشتیی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرۆکایەتیی د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی دارایی و شاندێکی یاوەریان، سەردانی بارەگای لقی سێی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن د. کەمال کەرکوکی، سەرۆکی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یاریدەدەرانی و بەرپرسی لقی سێ و ھەڤاڵانی سنوورەکە پێشوازییان لێکرا.
لە چەند کۆبوونەوەیەکی فراوانی جیا جیادا لە سنووری ڕێکخستنەکانی کەرکووک، شاندی باڵای پارتی جەختیان لە پشتگیریی بەردەوامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ کار و چالاکییەکانی لقی سێ کردەوە و ئامادەیی ھەموو پشتیوانییەکیشیان بۆ سەرکەوتنیان لە ھەڵبژاردنەکاندا دەربڕی.
د. ھێمن ھەورامی، ڕایگەیاند ھاتووین کە بە ھەڤاڵانی پارتیمان لە سنوورەکە ڕابگەیەنین کە بانگەشەیەکی ھێمنانە بە گیانێکی نەتەوەییانە لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە بەڕێوەبچێت و ڕێز لە پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی شارەکە بگیرێت.
د. ھەورامی دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت کاندیدانی پارتی بەبیرێکی نیشتیمانییانە و خزمەتگوزاریی وردتر بانگەشە بکەن، بۆ ئەوەی سەرکەوتنی خۆمان مسۆگەر بکەین، تاوەکو بتوانین کاندیدێکی خزمەتگوزار و سەرکەوتوو و نیشتمانپەروەر ببێتە پارێزگاری داھاتووی کەرکووک بەڕێککەوتنی ھەموولایەک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای سیاسی و پێویستە کاندیدی یەکێک لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکاندا د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە پێویستە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن نەرم بێ و دووربێت لە ڕق و کینە و بیری تەسکی حزبایەتی، چونکە کەرکووک بەلای پارتییەوە نیشتمان و ناسنامەی و خاکی پیرۆزە، ھاوکات داواشی لە کادیرانی سنوورەکە کرد ھەڵمەتەکان چڕتربکەنەوە و چاومان لە سەرکەوتنی گەورەیە لە کەرکووک، ھەروەھا گووتیشی: "پێویستە دوای سەرکەوتنی ئەم ھەڵبژاردنە خۆمان بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی عێراق ئامادە بکەین".
ناوبراو ڕاشیگەیاند: "پێویستە لە سەر پرسە نیشتیمانییە چارەنووسسازەکان ھاودەنگ و یەکھەڵوێست بین، بەتایبەتی لەسەر کوردستانیبوونی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ڕووبەرووبوونەوەی ئەو ھەڕەشانەی لەسەر ئەم ناوچانە ھەن، چونکە لێرە پرس پرسی ناسنامەی نەتەوەییە، بۆیە لای ئێمە گرنگە کورد سەرکەوتووبێت لەم ھەڵبژاردنەی کە ئەکرێت و کوردێکی باش پارێزگاری کەرکووک بێت، نەمگوتووە پارتی بێت، چونکە ئێمە پێمان وایە ھەموو کوردێکی باش پارتییەکی باشیشە".
لە کۆتاییشدا سوپاسی خۆڕاگری و ماندوبوونی تەواوی کادیران و ھەڤاڵانی سنووری لقی سیێ پارتیی کرد کە لە قۆناغی دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەر توانیویانە بەرگەی ئەو ھەموو گوشارە سیاسی و ماددی و دەروونییە بگرن کە ڕووبەڕووی پارتی بوویەوە لەم سنوورەدا.




