شارەزایەک: سەرکەوتنی پارتی ڕەنگدانەوەی لەسەر پێکەوەژیان دەبێت

شارەزایەکی ناوچە کێشە لەسەرەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بۆ کورد گرینگە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ کورد، دەشڵێ: سەرکەوتنی پارتی ڕەنگدانەوەی لەسەر پرۆسەی پێکەوەژیان دەبێت لەناوچەکە.
دیار مەلا خدر، شارەزا لە ناوچە کوردستانییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی
ڕاگەیاند: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گرینگی خۆی ھەیە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، چونکە ماوەی ١٠ ساڵە ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەکراوە لەلایەکی دیکەوە لە ناوچەکە چەندین گۆڕانکاری و ڕووداو لەوماوەیەدا ڕوویانداوە، یەکێک لەوانە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧یە، ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرفەتێکی گرینگی ھێناوەتە ئارا، پێویستە کورد بە گڕوتینەوە بەشداری ھەڵبژاردنی ١٨ی ئەم مانگە بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنن و بتوانن ئەو مافانەی زەوتکراون بەدەست بێنەوە.
ئەو شارەزایەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت: تا بەشداری کورد زیاتربێت لە ھەڵبژاردن پێگەی کورد زیاتر بەرز دەبێتەوە، لەلایەنی خزمەتگوزاریش دەتوانین زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە کوردستانییەکان دابین بکرێت و پارێزگاری لە مافی جووتیاران بکرێت، چونکە ساڵانی ڕابردوو حکوومەتی عێراق نەک گرینگی بەناوچە کوردستانییەکان نەداوە بە پێچەوانەوە پرۆسەی تەعریب بەردەوام بووە و ڕێگریش لە جووتیارانی کورد دەکرێت، لە چۆلکردنی گوندەکانیش تێپەڕیوە، ئێستا لە ناحیەیەکی وەکو قەراج سەنتەری ناحیەش کوردی تێدا نەماوە.
دیار مەلا خدر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سەرکەوتنی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان زەرورە بۆ کورد، بەتایبەتی لە ناوچەکانی کەرکووک و نەینەوا، چونکە بۆ کورد ئاشکرابووە ھەر پارتییە بەرگری لەو خەڵکە دەکات و نوێنەری ڕاستەقینەی کوردە، ھەتتا بۆ پێکھاتەکانی دیکەی ناوچەکە سەرکەوتنی پارتی گرینگە، لەبەر ئەوەی پێکەوەژیانی کورد و عەرەبی ناوچەکە بۆ سیاسەتی پارتی دەگەڕێتەوە، لەپاڵ پرسی ئاوەدانکردنەوە سەرکەوتنی پارتی ڕەنگدانەوەی لەسەر پرسی پێکەوەژیانیش ھەیە و داوا لە دەنگدەرانی ئەو سنوورانە دەکەم دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی بدەن.
قائید میرۆ




