٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر محەمەد سدیق خۆشناو: کاردەکەین بۆ ئەوەی ساڵی نوێ مووچەی فەرمانبەران کێشەی نەبێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا_KDP.info_ ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکەین بۆ ئەوەی کێشەی بودجە و مووچە بەشێوەی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت و چیتر نەبێتە گرفت و بەغدا بیانوومان پێنەگرێت، باشترین چارەسەریش ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لە بودجە و پشکی ھەرێمیش بەجۆرێک جێگیر بکرێت زۆر ڕوون بێت و چیتر بەغدا بیانوو نەدۆزێتەوە.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ، دکتۆر محەمەد سدیق خۆشناو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێستا ئێمە وەکو پەرلەمانی عێراق لە پشووداین و ئەو کێشەیەی سەرۆکی پەرلەمانیش ھاتووەتە پێشەوە، پێویستە سەرۆکێکی نوێ دابنرێت و ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە ئەوکات کار بکەین بۆ ئەوەی کێشەی بودجە بەشێوەی یاسایی چارەسەر بکرێت، بەڵام دەکرێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە جارێ چارەسەر بکرێت، بەڵام بۆ ئەوەی بەشێوەی یاسایی کێشەی بودجە چارەسەر بکرێت پێویستە لە مانگی یەک پەرلەمان دەستبەکاربێتەوە ئەو کات کاری لەسەر دەکەین.

دکتۆر محەمەد سدیق گوتیشی، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکەین بۆ ئەوەی بەشێوەی بنەڕەتی کێشەی بودجە و مووچە چارەسەر بکرێت، بەڵام پێویستە بەغداش بێتە پێشەوە و کێشەکە کۆتایی پێبێت و چیتر مووچە نەبێتە گرفت و مانگانە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان هەرچی لەسەری بووە جێبەجێی کردووە بەڵام بەغدا ھەر جارە و بیانووێک دەدۆزێتەوە و شتێک داوا دەکەن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەرچی داوایان کردووە داویانەتە بەردەستی ئەوان.

سدیق باسی لەوەشکرد: باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەی بودجە و مووچە بێت پێویستە یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە و تێیدا پشکی ھەرێمی کوردستان بە ڕوونی دیار بکرێت، بۆ ئەوەی ھیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەمینێتەوە و ساڵی نوێ جارێکی دیکە مووچە نەبێتەوە کێشەی مانگانە.


بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار