کەرکووکییەکان: گەڕانەوەی پارتی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی وەبیر ھێناینەوە

کەرکووک-KDP.info- دوای گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، کەسایەتییە رۆشنبیری و نووسەر و ھاووڵاتیان، خۆشحاڵیی خۆیان بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک دەردەبڕن و ڕایدەگەیەنن، گەڕانەوەی پارتی و کردنەوەی بارەگای لقی سێ، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ کورد و کەرکووکییەکان. دەشڵێن، دوای گەڕانەوەی پارتی دۆخی شاری کەرکووک جیاواز بووە و گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوە.
بڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، رزگار کاکەیی، دانیشتووی شاری کەرکووکە و پیشەی رۆژنامەنووسە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک گەڕانەوەی شکۆیە، ئاڵایە، مافی کوردە، خەڵکی کەرکووک پێیان وایە کورد گەڕاوەتەوە کەرکووک نەک پارتی، لەبەر ئەوەی کوردبوون لە پارتیدایە، خەڵکی کەرکووک بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە گەڕانەوەی پارتی کرد، ئێستا ھەست بە بوونی خۆت دەکەی لەم شارە، ھەروەھا غەیری پارتییەکان، ھاووڵاتییەکانی تریش دەڵێن دەنگ بە پارتی دەدەین، چونکە شکۆی گەڕاندۆتەوە بۆ کەرکووک.
کاکەیی پێشی وایە، پێویست بوو ئەم گەڕانەوەیە، دەبێ پارتی ئەم دەسەڵات و حکوومەتە بگۆڕێت. ھاوکات دەشڵێ، سەرۆک بارزانی مەرجەعی ھەموو کوردە نەک تەنھا ھی پارتی، چونکە ئەو زۆر گرینگی بە کەرکووک ئەدات و پارتی و کەرکووک لێک جودا ناکرێنەوە، بۆیە داواکارین گرینگیی زیاتر بە کەرکووک بدرێت بە ھەموو نەتەوەکان، چونکە دروشمی سەرۆک بارزانی، دروشمی پێکەوەژیانە، بۆیە داواکارین بارودۆخەکە بگەڕێتەوە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر.
ھاوکات ستار جەباری، نووسەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، گەڕانەوەی پارتی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی وەبیر ھێناینەوە کە ئەوکات خەڵکی بەرەو پیلی پێشمەرگەکان دەچوون، ئێستاش ئەگەر سەیری لقی ٣ی پارتی بکەین ڕۆژانە بە سەدان ھاووڵاتی ڕوو لەو لقە دەکەن، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە کورد گەڕاوەتەوە کەرکووک نەک حیزبێک.
ناوبراو باس لەوە دەکات، خەڵکی کەرکووک دەتوانن بە ڕێگای دیموکراسی و لە ڕێی ھەڵبژاردن ئەو مافانە بگەڕێننەوە کە لێیان سەندراوەتەوە، بۆیە پێویستە پارێزگارێکی کورد دابندرێت. ھەروەھا دەشڵێ، جاران کە ئەچوویتە بازاڕ برا عەرەبێک یاخود تورکمانێک بە کوردی قسەت بکردایە، بە عەرەبی وەڵامیان ئەدایتەوە، بەڵام بە گەڕانەوەی پارتی ئەو بارودۆخە گۆڕاوە و ئێستا عەرەبەکانیش ھەمووان بە کوردی وەڵامەت ئەدەنەوە.
ھەروەھا جەخت لەوەش دەکاتەوە، گەڕانەوەی ئاڵای کوردستان شکۆیەکە بۆ کورد، چونکە ئێستا کاندیدەکانی پارتی ئاڵای کوردستان ھەڵدەدەن و گەڕانەوەی پارتی بووە رێگاخۆشکەر بۆ ئەوەی لایەنەکانی تریش بتوانن ئاڵای کوردستان ھەڵبدەن.
فەرمان بەھرام کاکەیی، کە پیشەی بەڵێندەرە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، پێش گەڕانەوەی پارتی لایەنەکانی تر و نەیارەکانمان دەیانگوت نابێت کورد بگەڕێتەوە کەرکووک، بۆیە کورد یانی پارتی، ھەروەھا پارتی توانی لەناو جەرگەی شاری کەرکووک ئاڵای کوردستان بەرز بکاتەوە کە حیزبەکانی تر پێشتر نەیاندەتوانی ئاڵای کوردستان ھەڵبکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتی حیزبێکی گەورە و خاوەن مێژووە.
ناوبراو باس لەوە دەکات، بانگەشەی لایەنەکان بە تایبەت عەرەب، دژی نەتەوەپەرستییە، بۆیە ئەگەر پارتی کورسیش نەھێنێت ھیچ شتێک بێ پارتی ناکرێت، بۆیە پێویستە بانگەشەی ئێمەی کورد بەرفراوانتر بێت، بۆیە داوا لە ھەموو کوردێک دەکەم ئەوەی کەرکووکی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر جێھێشتووە، بگەڕێتەوە کەرکووک و دەنگ بدەن، ئەمەش لەبەر خاتری گوندە چۆڵکراوەکان و زەوییە داگیرکراوەکانمان، چونکە دەنگدانی ئەم جارە، دەنگدانە بۆ زمانی کوردی، پێویستە کورد دەنگی زۆرینە بەدەست بھێنێت بۆ ئەوەی ھەژموونمان بگەڕێتەوە، ھاوکات پێویستە بە ستراتیژ کاربکەین و زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەدەست بھێنین.
ھەڵکەوت محەممەد




