کاکەییەکانی نەینەوا بۆ KDP: جگە لە پارتی ھیچ کەس و لایەنێک شک نابەین

نەینەوا-KDP.info- ژمارەیەکی بەرچاوی کوردی کاکەیی دەکەونە سنووری پارێزگای نەینەوا و جەخت لەوە دەکەنەوە، کە کوردانی کاکەیی دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دەدەن. کەسایەتییەکی کوردی کاکەییش پێی وایە، پارتی سەربکەوێت، کاکەییەکان سەردەکەون.
خەلیل ئیبراھیم، کەسایەتیی کوردی کاکەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئێمەی کاکەیی لە سنووری پارێزگای نەینەوا دوو بەشین، بەشێکمان لە شەش گوند پێک ھاتوون و سەر بە خازرن، کە پشتگیری لە لیستی ١٩٧ی پارتی دەکەن، بەشێکی دیکەمان لە ناوچەی سفەیەی سەر بە گوێڕن، ئەوانیش ھەر پشتگیری لە لیستی پارتی دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا".
خەلیل ئیبراھیم گوتیشی: "پارتی زۆر خزمەتی ئێمەی کاکەیی کردووە و بۆ رۆژی ھەڵبژاردن زۆرینەی کوردانی کاکەیی دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەڵێن بە پارتی و سەرۆک بارزانی دەدەین کار بۆ سەرخستنی لیستی پارتی دەکەین، چونکە پارتی سەربکەوێت، کوردانی کاکەیی سەردەکەون".
هاوكات مەحموود کاکەیی، کە دەنگدەرێکی پارێزگای نەینەوایە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە رۆژی ١٨ی مانگ دەچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگیش بە لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین، چونکە ئێمەی کاکەیی جگە لە پارتی ھیچ کەس و لایەنێک شک نابەین تا دەنگی پێ بدەین، دەنگی ئێمەی کاکەیی بۆ پارتییە و ھەتا پەیوەندیمان بە کاکەییەکانی کەرکووکیشەوە کردووە دەنگ بە لیستی پارتی بدەن".
قائید میرۆ




