بارانی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر بەنداوە گەورەکان نەبووە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان پێی وایە، بارانی ئەمساڵ کاریگەریی زۆری لەسەر بەنداوە بچووکەکان ھەبووە و دەشڵێ، لە ھەرێمی کوردستان ١٩ بەنداوی بچووک ھەن و کارکردن لە پێنج بەنداویش بەردەوامە.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ھەرێمی کوردستان ١٩ بەنداوی بچووک ھەن و لە ئێستادا کار لە دروستکردنی پێنج بەنداوی دیکە بەردەوامی ھەیە، بەڵام بە ھۆی نەبوونی بودجەی پێویست، کارکردن لە نۆ بەنداوی ھەرێمی کوردستان راگیراوە و لەگەڵ دابینکردنی پارە، دەست بە تەواوکردنیان دەکرێت، دوو بەنداوی دیکەش بڕیارە حکوومەتی فیدڕاڵ دروستیان بکات و لە دانوستانین بۆ دابینکردنی بودجەی ھەردوو بەنداوەکە".
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتیشی: "بارانی ئەمساڵ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەنداوە بچووکەکان ھەبووە و رێژەیەکی زۆری ئاو تێیاندا گل دراوەتەوە، ھەتا بۆ کەرتی کشتوکاڵیش بارانی ئەمساڵ کاریگەرییەکی باشی ھەبووە".
لەبارەی بەنداوە گەورەکانەوە، رەحمان خانی روونی کردەوە: "رۆژ بەڕۆژ ئاستی ئاو لە بەنداوە گەورەکان بەرەو دابەزینە و بارانی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر بەنداوە گەورەکان نەبووە، بەڵام ھەردوو بەنداوی دھۆک و دەربەندیخان لە ئێستادا زیاتر لە ساڵی رابردوو ئاویان تێدایە، تەنیا بەنداوی دوکان نەبێت، کە ئاستی ئاوی ناو بەنداوەکە کەمترە لە ساڵی رابردوو".
قائید میرۆ




