سەرۆکی لیستی پارتی لە دیالە: هەموو پێکهاتەکان پشتگیری لە لیستی 197ی پارتی دەکەن

دیالە_KDP.info_ سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان لەسنووری دیالە جەماوەرێکی باشی هەیە نەک تەنیا کورد بگرە پێکهاتەکانی دیکەش پشتگیری لە لیستی پارتی دەکەن، بۆیە گەشبینین بتوانین سەرکەوین و کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەدەست بێنین.
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئاریان حەمید ئیبراهیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سنووری دیالە زۆر باش بەڕێوە دەچێت و خەڵک بەشێوەیەکی گشتی پشتگیری و پاڵپشتی ئێمە دەکات و هاوکارمانن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانمان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، چونکە پارتی لە دیالە جەماوەرێکی زۆر باشی هەیە و هەمووان پشتگیری لە پارتی دەکەن، ئەمەش جێگەی دڵخۆشیمانە، بۆیە داواکارین خەڵک لە ڕۆژی دەنگدان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن، بۆ ئەوەی کۆتایی بە تەعریب و تەعەداکردن لە کورد بێت و جارێکی دیکە خزمەتگوزاری بۆ ناوچە کوردییەکان بگەڕێتەوە و ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێنەوە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەموو تاکێکی کورد چارەنوسسازە.
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گوتیشی: ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە خەڵک بەڵێنی بە ئێمە داوە لەپێناو سەرخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و جارێکی دیکە دەسەڵات بۆ ناوچە کوردییەکان بگەڕێننەوە، بۆئەوەی لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە خزمەتیان بکەین.
ئاریان باسی لەوەش کرد: لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کاندیدەکانی لە هەموو پێکهاتەکان پێکدێت کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە، بۆیە نەک تەنها کورد بگرە پێکهاتەکانی دیکەش پشتیوانی لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و گەشبینین لەم هەڵبژاردنە سەرکەوین و کورسی بەدەستبێنین.
بڵند ئیبراهیم




