کاندیدی ژمارە 25ی پارتی لە کەرکووک: دەمانەوێت بە کردار خزمەتی خەڵکی کەرکووک بکەین

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە 25ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: دەمانەوێت کۆتایی بەو زوڵم و تەعدایە چەند ساڵە لە کورد دەکرێت بێت و بە کردار خزمەتیان بکەین، چونکە دەبینە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کەرکووک لە ئەنجوومەنی پارێزگا.
هەوراز محەمەد شوکر، کاندیدی ژمارە 25ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: چەند لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە بانگەشە گەرموگوڕتر دەبێت و خەڵک زیاتر پشتگیری و پشتیوانی لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، ئێمە ڕۆژانە لەناو خەڵکی خۆمانداین و بۆ هەر شوێنێک بچین پێشوازییەکی زۆر گەرممان لێ دەکەن و پێیان خۆشە پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتییان بکات لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆیە ئومێدێکی زۆرمان بە خەڵکی خۆمان هەیە بتوانین دەنگی باش بەدەست بێنین.
هەوراز محەمەد شوکر گوتیشی: ئێمە بەڵێنی بێ کردار بە خەڵکی خۆمان نادەین و دەمانەوێت بەکردار خزمەتیان بکرێت چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە خۆی بە نوێنەری خەڵک دەزانێت و دەیەوێت ئەو تەعدایانەی لەو چەند ساڵە لە کورد کراوە و تەعریب و داگیرکردنی زەوی کورد هەمووی چاکبکەینەوە.
دەشڵێت: لە زۆر شوێن هاووڵاتییانی خۆمان پێویستیان بە هاوکاری هەیە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری لەڕێگەی نوێنەرانی پارتی لە بەغدا کێشەکانیان چارەسەر دەکەین و داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکەین، بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی ببینە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی خۆمان و لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە خزمەتی شاری کەرکووک و هەموو پێکهاتەکان بکەین بەبێ جیاوازی.
بڵند ئیبراهیم




